نێچیرڤان بارزانی: ئامانجی ئێمە گواستنەوەی کوردستانە بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووتری حکوومڕانی

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی، دەڵێت: لایەنەکانی دیکە ململانێ دەکەن بۆ ئەوەی تۆزێک بگەنە ئاستی پارتی، ئێمە وەکو پارتی قۆناغێکی ململانێمان بەجێهێشتووە، ئامانجی ئێمە زۆر لە ململانێ گەورەترە.
یەکشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2024، نێچێرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە هەڵمەتی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر گوتی: تەنها ئەو کەسانەی خۆیان لە بەرپرسیارەتی دەدزنەوە بێ کەم و کوڕین، ئەوەی لای ئێمەی پارتی ئاشکرایە ئەوەیە، ئـە بێ کەم و کورتی نین، هەموو ئامانجی گەلی کوردستان بە شەو و ڕۆژێک نایەتە دی، دەزانین کەش و هەوای کوردستان و پرۆسەی سیاسی لەو کەش و هەوایە ئاسان نەبووە، ئێمە بە بەرپرسیارەتی خۆمان دەزانین کەم و کوڕییەکانی کارکردنمان دەست نیشان بکەین، چارەی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە، بەخۆماندا بچینەوە تا بزانین لە چ بوار و ئاستێک بە باشرین شێوە گۆڕانکاریی بکەین، چۆن بتوانین لە چەند ساڵی داهاتوو خزمەتی هاووڵاتییان و نیشتمان و وڵاتەکەمان بەشێوەیەکی باشتر بکەین.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا، پاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991، سەرۆک بارزانی یەکەم کەس بوو لە شاری کۆیە داوای کرد و دەستپێشخەربوو بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە، حۆکوومڕانی لە هەرێمی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە، سەرۆکی پارتی بەردی بناغەی دیموکراسیەتی لە کوردستان دانا، لەو ساڵەوە تاکوو ئێستا خەرمانێکی گەورەمان لە دەستکەوت و ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی هەل و مەرجی ژیان بۆ گەلەکەمان بەدەستهێناوە، ئێوە دەزانن و ئێمەش دەزانین هەموو ئەو کار و پرۆژانەی کە هەیە بێ کەم و کوڕی نین، بەڵام گرنگ ئەوەیە دیسان لەو هەڵبژاردنانەی لە پێشمانە، متمانە بە پارتی بدرێتەوە تا لە پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەی ئابووری بەردەوام بێت.
نێچیرڤان بارزانی سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، ئەرکی ئێوە و ئەندامانی پارتی تا ڕۆژی هەڵبژاردن زۆر گەورەیە، دەبێت بەوپەڕی تواناوە هەوڵ بدەن متمانەی نوێی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ پارتی نوێ بکرێتەوە، ئێمە دەبێت شانازیی بەوە بکەین تا ئێستا بەدەستمان هێناوە، متمانەی نوێ بە پارتی، واتا گواستنەوەی کوردستان لە قۆناغی ئێستاوە بەرەو قۆناغێکی باشتر و ئاوەدانتر و ئاسوودەتر بۆ هەموو گەلی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: لایەنەکانی دیکە ململانێ دەکەن بۆ ئەوەی تۆزێک بگەنە ئاستی پارتی، ئێمە وەکو پارتی قۆناغێکی ململانێمان بەجێهێشتووە، ئامانجی ئێمە زۆر لە ململانێ گەورەترە، ئامانجی ئێمە گواستنەوەی کوردستانە بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووتری حکوومڕانی لە هەموو ڕوویەکەوە، پێشەنگیی پارتی، واتا گرەنتی بەردەوامی سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەی کە لەچوار ساڵی داهاتوودا لە پێشمانە، دەبێت دەستکەوتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 تاکوو ئێستا وەک چاوی خۆمان بیانپارێزین، دەڵێت: ئەرکی مێژوویی ئێمەی پارتی ئەوەیە هیچ یەک لەو دەستکەوتانە لەدەست نەدەین و بە ویژدانەوە ئایندەی چوار ساڵی داهاتووی پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەت دیارریی بکەین.
نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەوەش کردەوە، هەرچی دەکەین، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت لەسەر بنەمای ڕێز بێت، بۆ ڕێبازەکەمان، بۆ شەهیدان، بۆ قوربانی و ئەرکی پاراستنی دەستکەوتەکانمان، پارتی نابێت و ناکرێت ڕێگە بدات نە خۆی، نە ڕکابەرانی لە پێش بڕگەی سیاسیدا ببنە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی و ئازادیی کوردستان.