ئەشواق جاف: هەرێمی کوردستان ناچێتە ژێرباری هیچ بڕیارێکی دەرەکی

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: هەرێمی کوردستان ناچێتە ژێر باری هیچ بڕیارێکی دەرەکی، هەنگاوەکان تەنها لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان دەهاوێژرێن و بەرگریی لەو قەوارەیەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
سێشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کە پارتی گوتی بەشداریی هەڵبژاردن ناکەم، ڕەت کردنەوەی ئەو خاڵانە بوو کە بوونە بەڵگە لەسەر ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە بە دیزانێکی بیانی جێبەجێ دەکرێت و بە ئیرادەی کوردستانی نییە، ئەو خاڵانەی پارتی ڕەتی کردەوە، یەک دەگرێتەوە لەگەڵ ئەو تۆمارە دەنگییەی ئەمڕۆ بڵاو کرایەوە.
ئەشواق جاف گوتی: کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان هێلی سوورن، ئەوان ئەو ئازادییەیان بۆ کوردستان بەدەستهێنا، ئەو کورسیەی ئەندامانی پەرلەمانی کورد لە بەغدا لەسەری دادەنیشن، بە خوێنی شەهیدان بەدەستهاتووە.
ئەشواق جاف ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر زانیارییان هەبووە لەسەر هەوڵی ساختەکاریی بە دیزاینی بیانی لە هەڵبژاردندا، گوتی: پارتی بەهیچ شیوەیەک دەروونی خەڵک ماندوو ناکا بەبێ بەڵگە قسە ناکات، پێویستە نەوەک تەنها لایەنە کوردستانییەکان، بەڵکو ئەوانەی ئەرکی نێودەوڵەتییان هەیە وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانن بیسەلمێنن ئەو دەنگەی کە بڵاو بووەتەوە ڕاستە یاخود نا، بۆیە نەوەک لایەنە سیاسییەکان، بەڵکو ئەو لایەنانەی بە بڕیاری حکوومەتی عێراقی بۆ چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئاستی بێگەردی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هاتوون، ئەوە بسەلمێنن.
گوتیشی: پێداگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەینەوە لە وادەی خۆیدا، بەڵام دووبارەی دەکەینەوە دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆیان ببینن لە پاراستنی بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن و ڕێگریی کردن لە ساختەکاری، پێویستە چاودێری نێودەوڵەتی دابندرێت بۆ ئەوەی ڕێگە بە هیچ لایەنێکی دەرەکی نەدرێت دەست لەو هەڵبژاردنە وەربدات و ئیرادەی دەنگدەری کوردستان وەربگرێتەوە بۆ لایەنێکی دیاریی کراو، پێویستە خەڵکی کوردستان خۆیان دەنگی خۆیان بدەن، پێکهاتەکانیش دەنگ بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان بدەن نەوەک لایەنێکی دیکە بە زەبری چەک بەسەریاندا فەرزی بکات بۆ ئەوەی دەنگ بە کەسێک بدەن.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی گوتیشی: لە دوای 2003 ەوە هەندێ لە سیاسییەکان تەنها ڕووخساریان گۆڕاوە، بەڵام هێشتا بیرکردنەوەیان مەرکەزییە، دەڵێت: هەرێمی کوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری هیچ وڵاتێکی ئیقلیمی یاخود دەرەکی.
دەڵێت: بۆ نەهێشتنی پێشکەوتن و ئارامی و ئاوەدانی کوردستان، بە دڵنیاییەوە پەنادەبەنە بەر ئاژاوە نانەوە، بۆ نەهێشتنی یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و لێدان لە پێکەوە ژیانی کوردستان، بۆیە نەوەی سەربەزیی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان ڕێگە نادەن ئاژاوەی ناوچەکانی دیکە بێننە کوردستان، لەبەر ئەوە دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن.