عێراق و تورکیا تاوتوێی ئاڵوگۆڕی کارەبا دەکەن
بە سوودێكی گەورە بۆ ھەردوو وڵات دەگەڕێتەوە
K24 - ھەولێر
عێراق و توركیا تاوتوێی خاڵی ھاوبەشی نێوانیان بۆ رێكخستنی وزەی كارەبا ھەردوولا دەكەن.
وەزارەتی كارەبای عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ماجد مەھدی حەنتوش وەزیری كارەبای عێراق و فاتح یڵدز باڵیۆزی توركیا لە بەغدا تاوتوێی پرسی ھەماھەنگییە ھاوبەشەكانی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری وزەی كارەبادا كردووە.
لە بەیاننامەكەدا ھاتووە، وەزیری كارەبا باسی ئەو ھاوبەشییانە كردووە، كە دەبێتە ھۆكاری پتەوكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ھەردوو وڵات و لە ماوەی داھاتوودا لە پلانەكانی وەزارەتی كارەبای عێراقدا دەبێت و خۆی لە كۆمەڵێك پڕۆژە دەگرێتەوە، گرنگترینیان، خاڵی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا لە وزەی كارەبادا.
لای خۆیەوە یڵدز جەختی لە گرنگی پڕۆژەی تۆڕی كارەبا كردووەتەوە، كە بە سوودێكی گەورە بۆ ھەردوو وڵات دەگەڕێتەوە، بەو پێیەی كە بازاڕێكی بازرگانی گەورە دروستدەكات.