هەولێر و بەغدا هەوڵی چارەکردنی کێشەی مووچەی مانگی ئەیلوول دەدەن

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی مانگی ئەیلوول فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: "دوو ڕۆژە شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ـی مووچەخۆر و فەرمانبەران لە بەغدایە".

شاندەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، لە بەڕێوەبەریی گشتیی ژمێرکاریی، بەڕێوەبەریی گشتیی بودجە و ژمارەیەک بەڕێوەبەری دیکەی گشتیی وەزارەتەکە پێک دێت و لەگەڵ هاوتا عێراقییەکانیان ماوەی دوو ڕۆژە کۆدەبنەوە. 

دوو شەممە، 07-10-2024، بڕی 329 ملیار و 392 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.     

کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستە لە بەردەست وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، بریتییە لە 690 ملیار و 392 ملیۆن دینار؛ بەوەش نزیکەی 305 ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە.     

ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە

بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان ڕادەستى حکوومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا، بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن و 114 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان زیاترە لە 960 ملیار دینار.