سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەنداوی بەستۆرەی کردەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 14-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، بەنداوی بەستۆرەی لە سنووری پارێزگای هەولێر کردەوە کە بە هاوکاریی گرووپی کۆمپانیاکانی "کار" دروست کراوە.
دوای کردنەوەی بەنداوەکە، سەرۆکی حکوومەت لە گوتەیەکدا، خۆشحاڵی خۆی بە کردنەوەی پڕۆژەکە دەربڕی کە پێش ساڵێک بەردی بناغەکەی دانرا، هەروەها سوپاسی شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کاری کرد بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە لە لایەن ئەندازیاران و پسپۆڕ و شارەزایانی ناوخۆ، لە ماوەی ساڵێکدا .
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا: "دروستکردنی ئەم بەنداوانە، بەشێکە لە ستراتیجیی حکوومەت بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی ئاو. سەرۆکی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە کە ئەم جۆرە بەنداوانە، کاریگەریی هەمەلایەنەیان لە سەر پێشخستنی ئابووری کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەبێت. چ لە ڕووی گەشتوگوزارییەوە یان دابینکردنی وزە و سامانی ماسی و باشترکردنی دۆخی ئاوی ژێر زەوی و گۆڕانکاری کەش و هەوا".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "لە نزیک شوێنی بەنداوی بەستۆرە، لە سەردەمی سەنحاریبەوە بەنداوی لێ دروست کراوە و ئاو بۆ ناو شاری هەولێر بردراوە.بۆیە شوێنێکی گرنگی مێژووییشە و دەکرێ بۆ گەشتیاریی سەردانی بکرێت".
سەرۆکی حکوومەت داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە هاوکاری حکوومەت بن لە پاراستنی ئەو پڕۆژانەی دروست دەکرێن و هەروەها ژینگەش بپارێزن و دەستکاریی نەکەن.