مەسرور بارزانی: بەنداوی گۆمەسپان ناوچەکە دەکاتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەنداوی گۆمەسپانی كردەوە و هاوكات بەردی بناغەی جووتسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی دانا، لە گوتارێكدا كە لە ڕێوڕەسمی هاوبەشی هەردوو پرۆژەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت باسی لەوە كرد، دوای چەندین قۆناغ، كابینەی نۆیەم بڕیاری تەواوكردنی پرۆژەی بەنداوی کۆمەسپانیدا.
ئاماژەشی بەوە كرد كە ئەم بەنداوە دەبێتە هۆكارێكی زۆر باش و دڵخۆشكەر بۆ پەرەپێدانی گەشتیاریی لە ناوچەكە و فێنکبوونی گۆڕانی كەشوهەوا لە ناوچەكە و پەرەپێدانی سامانی ماسی و لە هەمووشی گرنگتر، دەبێتە ناوچەیەكی زۆر گرنگی گەشتیاریی لە دەوروبەری هەولێر كە هەموو خەڵكی دۆڵی خۆشناوەتی و ئەم دەڤەرە دەتوانن سوودی لێ ببینن.
لەبارەی ئاوی كۆكراوەی بەنداوەكە، سەرۆكی حكومەت گوتی: ”ئەم ئاوە، ئاوی بارانە و وەرزییە كە هەمیشە بەفیڕۆ دەڕۆیشت، ئێمە كە بڕیاری دروستكردنی بەنداوەكەمان دا، چەندین بیرۆكە هەبوو كە بتوانین سوودی لێ وەربگرین. هەموومان دەزانین ئەم بەنداوانە هاوكارییەكی زۆر دەكەن بۆ جووتیارانمان لە ڕووی كشتوكاڵییەوە دەتوانێ سوودمەند بێت، بۆ ئاوی ژێرزەوی دەكرێ زۆر زۆر سوودمەند بێ كە ئاوی ژێرزەوی زیاد بكاتەوە، ئێمە بەرنامەیەكی زۆر گەورەترمان هەیە بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاری لەم ناوچەیە كە ئەویش ئێستا خەریكی دروستكردن و تەواوكردنی ماستەرپلانەكەین، هیوادارین خوا دەرفەتمان پێ بدا و بتوانین بەردەوام بین لەم ئەركە و باشتركردنی دۆخی گشتیی ناوچەكە بە پەرەپێدانی ئەم جۆرە پرۆژانە.
گوتیشی: من گومانم لەوەدا نییە كە دەبێتە شوێنێكی زۆر زۆر خۆش و خەڵك دەتوانن لە هەولێر و شارەكانی تری كوردستان سەردانی بكەن. ماستەرپلانەكەم بینیوە، شتێكی زۆر نایاب و زۆر جوانە، هێشتا بە تەواوەتی نەگەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی، بەڵام كە تەواو دەبێ، ئەوكاتە یەكسەر دەست بە جێبەجێكردنی بەشەكانی ئەو ماستەرپلانەش دەكەین كە هەمووی جارێكی تر دەخرێتەوە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان و هەلی كاری زۆر بۆ خەڵكی ناوچەكە دروست دەكات، نەك تەنیا لە دروستكردنی پرۆژەكە، بەڵكوو لە بەردەوامبوون و بەڕێوەبردنی ئەو شوێنانەی لە پرۆژەكەدا دروست دەكرێن، ئەمە هەمووی دەبێتە بەشێك لە پەرەپێدانی كەرتی ئابووری و دروستكردنی ژێرخانی ئابوورییەكی بەهێزتر، هەروەها دروستكردنی هەلی كار بۆ خەڵكی ناوچەكە.“
هەروەك ئەوەشی خستە ڕوو كە دوای ئەوەی ئەم دەریاچەیە دروست بووە، خەڵكێكی زۆر سەردانی دەكات و دێنە ئێرە، بەڵام هەندێكجار بەداخەوە رەچاوی ژینگەپارێزی ناكەن و زبڵ و خاشاكی خۆیان فڕێ دەدەن. بۆیە هیوای خواست هاووڵاتیان ئەوەیان لەبەرچاو بێ كە كوردستان ماڵی هەموومانە و پاراستنی ژینگەش ئەركی هەموومانە، ئەوانەی دێنە ئێرە بۆ چێژوەرگرتن، كات بەسەربردن، هیوادارم ژینگەی ئەم دەریاچەیە یان لە هەر شوێنێكی تر كە سەردانی دەكەن، بپارێزن. هەر بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە ژمارەیەك هاووڵاتیی دڵسۆز و خەڵكی ئەم دۆڵە وەكوو گرێبەست ئێستا لە ئەركدان بۆ ئەوەی یارمەتیی گەشتیاران بدەن لەوەی كە پاشماوەكانی خۆیان، زبڵ و خاشاكی خۆیان فڕێ نەدەن و كۆیان بكەنەوە، هیوادارم هەموو لایەك هاوكاریی یەكتر بكەین، تاكوو بتوانین شوێنێكی جوانتر و سەرنجڕاكێشتر و خۆشتر و بەچێژتر بۆ خۆمان و بۆ داهاتوو و بۆ منداڵەكان و هەموو هاووڵاتیانی كوردستانیش ئینشائەڵا دەستەبەر بكەین.
هەر لە گوتارەكەیدا، سەرۆكی حكوومەت رای گەیاند: ”ئەمە یەكێكە لەو پرۆژە زۆر جوان و نایابانەی كە لە دەوروبەری شاری هەولێر دەستمان پێكردووە و پەرەی پێ دەدەین و گەورەتری دەكەین. جگە لەمە پرۆژەی تریش هەن كە لە چوارچێوەی سیستەمی پەرەپێدان بە گلدانەوەی ئاو و دروستكردنی بەنداو و پۆند، لە هەندێك شوێنی تریش ئێستا خەریكی دروستكردنی ئەم جۆرە پرۆژانەین كە هەر هەموویان جارێكی تر دەخرێنەوە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان. هیوادارم خەڵكی هەولێر، خەڵكی شارەكانی تر، شەقڵاوەش لە پشت ئێرەیە، هەموویان لە كاتێكی نزیكدا بێن و ئیتر ئێرە ببێ بە شوێنێكی خۆشی كات بەسەربردن و چێژوەرگرتن.“
سەرۆكی حكومەت لەبارەی پرۆژەی دووەم كە دروستكردنی جووتسایدی گۆمەسپان - سماقووڵییە، ئاماژەی بەوە كرد: ”ئەركی ئەم پرۆژەیە بە كۆمپانیای (هێمن گرووپ) دراوە، هەروەك خۆشتان دەزانن (هێمن گرووپ) چەندین پرۆژەی گەورە و ستراتیژییان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، لە ماوەیەكی خێرا، بە توانایەكی باش و بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی، هەر ئەمەش وایكردووە كە ئێمە بتوانین متمانەیەكی زیاتریان پێ بكەین و ئەو جۆرە پرۆژانە ئەوان جێبەجێی بكەن كە بێگومان ئێمە لە تەواوكردن و جۆری كوالێتی دڵنیاین.
گوتیشی: ئەم پرۆژەیە بەشی یەكەمی دروستكردنی جووتسایدی گۆمەسپان بۆ سماقووڵییە، بەڵام دوای ئەوە لە قۆناغی داهاتوو، ڕێگەكە بە دەوری دەریاچەكەوە دەسووڕێ، ئەمەش دیسان هەر بۆ بابەتی گەشتیاری بۆ هاووڵاتیان بەكار دێت، هەروەها بەستنەوەی ڕێگەكانیش لە لایەكەوە لە نێوان هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، هەروەها بەستنەوەی هەولێر بە سلێمانی كە ئەمە دەبێتە رێگەیەكی تر بە رێگەی دۆڵی سماقووڵییەوە. ئەمە بەشێكە، بەشەكەی تر دیسان دەگەڕێتەوە بۆ كۆڕێ و هەر لەملاوە دەتوانن بچنەوە بۆ شەقڵاوە، یانیش هەر بە چیای سەفینەوە دەتوانن بچنەوە بۆ شەقڵاوە.
كەواتە دروستكردنی تۆڕێکی ڕێگە و بان لەم ناوچەیە، هەموو ئەو دەڤەرە جوان و خۆشانە بەیەكەوە دەبەستێتەوە. ئەم جووتسایدەی كە بە دەوری دەریاچەكەوە دەسووڕێتەوە، دواتر لە چوارچێوەی ئەو بەرنامە و پلان و ماستەرپلانەیە كە بۆ ناوچەكە دەستنیشان كراوە، زۆر زۆر بە شێوازێكی جوان و سەردەمیانە دروست دەكرێ كە خەڵك هەم بتوانن بە دەوری دەریاچەكەدا بسووڕێنەوە، هەم بتوانن سەردانی ئەو شوێنانەش بكەن كە لە داهاتوودا ئینشائەڵا دروست دەكرێن لەم ناوچەیە.“
لە كۆتاییشدا دووپاتی كردەوە: ”ئەمە بەرنامەیەكی گرنگ بووە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین كەرتی گەشتیاری لە ناوچەكە بەرەو پێشەوە ببەین، یارمەتیی هاووڵاتیانی خۆمان بدەین. بابەتی ئاو و گلدانەوەی ئاو، شتێكی زۆر زۆر گرنگە بۆ بابەتی دەستنیشانكردن یان دڵنیابوون لە ئاسایشی ئاو كە ئێمە بتوانین سوودی لێوەربگرین. ئەم بەرنامانەی تریش كە باسم كردن، ئەمانە هەمووی ئینشائەڵا لە وەختێكی نزیكدا دەخرێنە ڕوو و سوودیان لێوەردەگرین. جارێكی تر من دەستخۆشی لە هەردوو كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم، كۆمپانیای (سێنک) بۆ دروستكردنی ئەم بەنداوە و كۆمپانیای (هێمن گرووپ)یش بۆ دەستپێكردنی جووتسایدی گۆمەسپان - سماقووڵی.“