غەززە..لە سەرەتای جەنگەوە تاکوو ئیستە 500 کارمەندی تەندروستیی مردوون

لە سەرەتای جەنگەوە، کەرتی تەندروستیی غەززە یەکێک بووە لەو کەرتانەی زۆرترین زیانی پێ گەیشتووە، وەک بەرپرسانی کەرتی غەززە باسی دەکەن؛ نزیکەی 25 نەخۆشخانەی گەورە و 80 سەنتەری تەندروستیی بەهۆی جەنگەوە لە خزمەت وەستاون.

بەرپرسانی تەندروستیی غەززە دەڵێن: "بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پزیشکییەوە دەیان کەس مردوون، داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بەپەلە بەدەمیانەوە بچن."

زمانی ژمارە درۆ ناکات و موجاملەی کەسیش ناکات، ئەوەی ماوەی ساڵێکە  لە غەززە دەگوزەرێت، مایەی ڕاچڵەکانی جیهانە. 

کەرتی تەندروستی یەکێکە لەو کەرتانەی زۆرترین جار لە لایەن ئیسرائلەوە هێرشی کراوەتە سەر، نزیکەی 100 دامەزاراوەی تەندروستیی غەززە لەوانەش نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی تەندروستی وێران بوون یاخود لە خزمەت دەرچوون، هەروەها نزیکەی 500 کارمەندی تەندروستییش کوژراون.

عەبدولفەتاح خەلدون، بەپرسی یەکەی فریاکەوتن لە تەندروستی غەززە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای شەڕەوە کەرتی تەندروستیی یەکێک بووە لە ئامانجەکانی ئیسرائیل، تا ئێستە 23 نەخۆشخانە و 82 سەنتەری تەندروستیی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە لە خزمەتکردن وەستاون؛ نزیکەی 33 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیش تێک شکێنراون تا ئەوەی ئێمە توانای بەهاناوەچوونی بریندارەکانمان نەبێت."

بە قسەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە: "دۆخی تەندروستیی غەززە بە تەواوی هەرەسی هێناوە، نەخۆشخانە و سەنتەرەکان خاڵین لەو پێداویستیانەی غەززەییەکان زۆریان پێویستە، بەڵام نازانن هاواریان بۆ کوێ ببەن."

عەبدولخالق فەڕا، بەرپرسی کەرتی دەرمانسازی لە تەندروستیی غەززەگوتی: "دۆخەکە بۆ ئێمە کارەساتبارە، دەیان کەس بەهۆی کەمیی کارمەندی تەندروستیی و نەبوونی کەرەستەوە، مردوون، داوامان لە یونیسێف و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەیە، بەزووترین کات بەدەم بانگەوازەکانمانەوە بێن و هاوکاریمان بکەن."

ساڵێک تێپەڕیوە و ئسیرائیل گوێی خۆی لە هاوار و ناڵەی غەززەییەکان و داواکاریان بۆ هاوکاریی، بێدەنگ کردووە. تەنانەت ئیسرائیل بەو حاڵەش بەردەوامە لە وێرانکردنی ئەو بەشەی کەرتی تەندروستیی کە هێشتە لە غەززە ماوە تا ئەوەی وای لێ بکات هیچ شتێکی لێ نەمێنێتەوە.