پەیوەندییەکانی کۆڕەک لە سەرانسەری عێراق ئاسایی دەبێتەوە
سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "ڕێککەوتن لە نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی گەیاندن و ڕاگەیاندنی عێراق کراوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی کۆڕەک تیلیکۆم هەفتەی داهاتوو لە سەرانسەری عێراق ئاسایی بێتەوە."
چوارشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2024، زەهرە بەجاری، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "دوای چەندان کۆبوونەوە لە نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی گەیاندن و ڕاگەیاندنی عێراق، هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک."
سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "دەبێت کوڕەک تیلیکۆم لە ماوەی شەش ساڵدا ملیارێک و 250 ملیۆن دۆلار بداتە دەستەی گەیاندن و ڕاگەیاندنی عێراق، ئەوەش بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی کە لە نێوان هەردوولادا کراوە، دەرکەوتووە کە کۆڕەک تیلیکۆم لە ماوەی چەند ساڵێکدا ئەوەندە قەرزەی لەسەر بووە."
دەشڵێت: "دوای ئەوەی ڕێککەوتنەکە لە نێوان کۆڕەک تیلیکۆم و دەسەتی گەیاندن ڕاگەیاندنی عێراق کرا، کۆڕەک تیلیکۆم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە ئەو بڕە پارەیە بداتەوە دەستەی گەیاندن و ڕاگەیاندنی عێراق."
زەهرە بەجاری، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند: "بە پێی ئەو ڕیککەوتنەی لە نێوانیان کراوە، لە هەفتەی ئایندەدا یەکەم بەشی ئەو قەرزە دەدرێتەوە دەستەی گەیاندن و ڕاگەیاندنی عێراق، دوای ئەوە دەستەی گەیاندن و ڕاگەیاندنی عێراق نووسراوێک دەکات بۆ حکوومەتی عێراق، تاکوو ئەو کۆت و بەندانەی لەسەر کۆمپانیاکە هەیە، هەڵبگیرێت و پەیوەندییەکانی کۆڕەک تیلیکۆم لەسەرانسەری عێراق ئاسایی بێتەوە".
کۆڕەك تیلیکۆم، یەکێکە لە كۆمپانيا خزمەتگوزارییەکانی مۆبايل لە عێراق، هەروەها کۆڕەک تیلیکۆم لە ساڵی 2000ـەوە بەشێوەیەکی بەرچاو لە باکووری عێراقدا دەستی بە پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکانی کردووە، لە 17ـی ئابی2007ەوە کوڕەك یەکێك بووە لەو سێ کۆمپانیایەی مۆڵەتی کارکردنی لە سەرانسەری عێراق پێ درا بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل و ئێستە خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک بۆ زیاتر لە 45 ملیۆن کەس لە سەرانسەری عێراق بەردەستە.