گۆمەسپان سێیەم گەورەترین بەنداوە لە هەرێمی کوردستان
بەنداوی گۆمەسپان، سێیەم گەورەترین بەنداوی ھەرێمی کوردستان و گەورەترین بەنداوی سنووری پارێزگای ھەولێرە و دەبێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ دانیشتووانی شاری ھەولێر و ناوچەکانی دەوروبەری.
بەنداوی گۆمەسپان یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەكانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەنداوەکە 35 کیلۆمەتر لە ھەولێر دوورە و بەرزییەکەی 70 مەترە و 513 مەتریش درێژە زیاتر لە 97 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە خۆ دەگرێت ئێستا بووەتە شوێنێكی سەرنج راكێش.
عەبدوڵڵا گەردی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکاری بەنداوی گۆمەسپان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێستا بەنداوەکە سەروو 10 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، کاتێک بەنداوەکە پڕ دەبێت سەروو 97 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەخۆ دەگرێت، سەرجاوەی ئاوەکەشی ئاوی بارانە.
لای خۆیەوە ھێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ھەولێر، دەڵێت: 288 دۆنم زەوی وەک قۆناغی یەکەم بەر بەنداوەکە کەوتووە، سەرجەم جووتیارانی خاوەن زەوییەکانی کە بەنداوەکەی لەسەر دروست کراوە قەرەبوو دەکرێنەوە.