وەزارەتی دارایی هەرێم: سبەی خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوول ڕادەگەیەنرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەینێ خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەندرێت و شاندی تەکنیکی وەزارەت لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لەهەماهەنگیدا دەبن بۆ چارەی تەواوی ئەو شایستە ڕاگیراوانەی چەند مانگی ڕابردوو.

چوارشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2024 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ماوەی سێ هەفتەیە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەکردنی گرفتەکانی بەردەم لیستی مووچە و خەرجکردنی ئەو لێبڕینانەی لەمانگەکانی ڕابردوو ڕاگیرابوون لە شاری بەغدادن و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگەکانی بوودجە و ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئەنجامداوە.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەشی زۆری کێشەکانی لیستی مووچە چارە کراوە، کە خۆی لە تێبینیەکانی نەبوونی بایۆمەتری و ناوی هاوشێوە و کێشەی بایۆمەتری و وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان و کێشەی فەرمانبەرانی میلاکی حکوومەتی هەرێم لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان دەبینێتەوە.

وەزارەتی دارایی ڕوونی کردەوە، ڕۆژی چوارشەممە ( 2024/10/16 ) بڕی (109،663،329،000) سەد و نۆ ملیار و شەشسەد و شەست و سێ ملیۆن و سێسەد و بیست و نۆ هەزار دینار وەك شایستەی ڕاگیراوی مووچەی مانگەکانی ئایار، حوزەیران، تەمووز، ئاب و ئەیلوولی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و ئەو مووچەخۆرانەی ناویان لە یەکچوو بوو لەگەڵ ئەو مووچەخۆرانەی بایۆمەتریان کێشەی تێدابوو خەرجکرا.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا،  شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەمێنێتەوە بۆ چارەکردنی کێشەی ئەو مووچە ڕاگیراوانەی تر کە بریتییە لە مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی کە لەسەر میلاکی حکوومەتی هەرێمن و لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان دەوام دەکەن، بەشێک لەدەرماڵەو سەرەمووچەی ساڵانەی فەرمانبەران تا لە نزیکترین کاتدا ئەو شایستانەش خەرج بکرێن، هەروەها بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدراڵی کە حکوومەتی هەرێم لە مانگی تەمووزەوە بڕیاری هاوتاکردنی مووچەکەیانی جێبەجێکردووە بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ تەمویلی هاوتاکردنەکەی خەرج نەکردووە.  

لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی دارایی ئاشکرای کرد، بڕی ئەو پارەیەی لەئێستادا لە بەردەستی وەزارەتی داراییدایە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول نزیکەی ( 800 ) ملیار دینارە و بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول نزیکەی ( 997 ) ملیار دینارە، سبەی پێنجشەممە خشتەی مووچەی مانگی ئەیلوول ڕادەگەیەندرێت و شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لەهەماهەنگیدا دەبن بۆ چارەی تەواوی ئەو شایستە ڕاگیراوانەی چەند مانگی ڕابردوو.