بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی عێراق هانا بۆ وڵاتانی کەنداو دەبات

"کرانەوەی عێراق بە رووی وڵاتانی کەنداو چارەسەری قەیرانی دارایی دەکات"

K24 - ھەولێر

بەگوێرەی پێشبینییەكانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ نزیكبوونەوە لە وڵاتانی كەنداو، كۆتایی بە قەیرانی دارایی  و ئابووری عێراق دێت.

ئەحمەد مەزھەر جبووری، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند، كرانەوە بە رووی وڵاتانی كەنداو و ھەرێمیی، دەبێتە ھۆكارێك تاوه‌كوو قەیرانی دارایی و ئابووری لە عێراق زۆر بە خێرا كۆتایی پێبێت و دۆخی ئابووری روو لە ئاسایی بوونه‌وه‌ بكات، تەنانەت جێگیربوونێكی گەورەی سیاسی بەخۆوە دەبینێت، چونكە وڵاتانی كەنداو ئێستا نزیكترن لە عێراق بۆ وەرگرتنی قەرز لەو وڵاتانە، دەبێتە ھۆكاری دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران.

جبووری ئاماژەی بەوەشدا، كۆنتڕۆڵكردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان لەلایەن حكوومەتەوە، پاڵپشتێكی به‌هێز دەبێت بۆ كۆتایی ھێنان بە قەیرانی دارایی وڵاتەكە، ئەوە جگە لەو ھەوڵانەی حكوومەت و پەرلەمان بە باشتركردنی دۆخی گوزەرانی خەڵك لە داھاتوودا.