کۆمیسیۆن: هیچ سکاڵایەکی ڕەنگ سوورمان نییە و سبەینێ ئەنجامی سکاڵاکان ڕادەگەیەنین
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هیچ سکاڵایەکی ڕەنگ سووریان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان نییە و سبەینێ، ئەنجامی هەموو سکاڵاکان ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-10-2024، داوود سەلمان، بەڕێوەبەری ڕاهێنان و ڕێکارەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتیی پەرلەمانی کوردستان، 189 سکاڵا لەلایەن حزب و لایەنە سیاسییەکانەوە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە تۆمار کراون".
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ پێداچوونەوە بەو سکاڵایانەی لەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، سێ لیژنەی پێک هێناوە بۆ جیاکردنەوە و پلەبەندی جۆری سکاڵاکان.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوەش کرد "پرۆسەی پێداچوونەوە و پلەبەندی سکاڵای لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە؛ تاوەکوو ئێستە هیچ سکاڵایەکی ڕەنگ سوورمان نەبووە، تەنها سکاڵای ڕەنگ سەوز و زەرد هەیە".
لەبارەی کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی سکاڵاکان، داوود سەلمان ئەوەی خستە ڕوو "هەوڵ دەدەین ئەمڕۆ پرۆسەی پێداچوونەوە و پلەبەندی سکاڵاکان تەواو بکەین و سبەینێ پێنجشەممە، 24-10-2024، ئەنجامەکانیان بۆ ڕای گشتیی ڕابگەیەنین". گوتیشی "بە دووری دەزانم، ئەنجامی سکاڵاکان کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان هەبێت".
پێشتر جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە بە کوردستان24ـی گوتبوو "ئەو سكاڵایانەی رەنگیان سەوز و زەردە كاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابێت، بەڵام سكاڵای سوور پێویستە لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە بڕیاری لەبارەوە بدرێت بۆی هەیە كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبێت".
ڕۆژی هەینی، 18-10-2024، دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەش، 20-10-2024، دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێکڕا نزیکەی 70%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەردوو دەنگدانەکەدا کردووە.
ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئەنجامی بەرایی:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی
ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
کۆتای پێکهاتەکان: 5 کورسی
ژمارەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی ئامارە بەراییەکان:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 809,197 دەنگ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 408,141 دەنگ
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 290,991 دەنگ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 116,981 دەنگ
ڕەوتی هەڵوێست: 55,775 دەنگ
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 64,710 دەنگ
بەرەی گەل: 33,365 دەنگ
بزووتنەوەی گۆڕان: 11,621 دەنگ
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 12,929دەنگ
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان: 5,503 دەنگ