كۆرۆنا خواست لەسەر ئەم جۆرە بەرماڵانە زیاد دەكات

تەنیا یەكجار بەكاردەھێندرێت

K24 - ھەولێر

لە توركیا خواست لەسەر ئەو بەرماڵانە زیادیكردووە، كە تەنیا بۆ یەكجار بەكاردێت و ژمارەیەكی زۆری وڵاتان بەشێوەیەكی بەرچاو ھاوردەی دەكەن لەنێوشیاندا عێراق.

بەگوێرەی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، كۆمپانیای پراتیكسەری توركی رایگەیاندووە، لە توركیا و لە چوارچێوەی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، رۆژ بە رۆژ خواست لەسەر ئەو بەرماڵانە زیاد دەبێت، كە تەنیا بۆ یەكجار بەكاردێت و دواتر فڕێ دەدرێت، تەنانەت بەشێوەیەكی بەرچاو ھەناردەی دەرەوەی وڵاتیش دەكرێت و لە لیستی ئەو وڵاتانەی كە بەرماڵ ھاوردەدەكەن، سعوودیە، ئیمارات، عێراق و قەتەر لە پێشەنگن.

كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەشداوە، لەم دواییەدا داواكارییەكی زۆریان لەسەر ئەو جۆرە بەرماڵە ئاراستە كراوە چ لە دەرەوەی وڵات یانیش ناوخۆ و ھەناردەی ئەو جۆرە بەرماڵانە ئێستا دەنێردرێتە وڵاتانی دیكەش.

 ئاماژەی بەوەشدا، بەرماڵەكە بە درێژایی 115 سم و پانیی 60 سم، زۆریش بەشێوەیەكی ئاسایی و بە كێشێكی سووك دروستكراوە و ئەو جۆرە تەنیا بۆ ئەم سەردەمە بەكارناھێنرێت، بەڵكو دەتوانرێت لەكاتی گەشتكردنیش بەكاربێت.