بانکی TBI بۆ کوردستان24: بەشداریی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە دەکەین

بانکی 'تی بی ئای' بەشداریی پرۆژەی "هەژماری من" دەکات بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 04-11-2024، عەقیل شوێلی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانکەکەمان گرێبەستی لەگەڵ پرۆژەی 'هەژماری من' ئیمزا کرد."

ئەو بەرپرسەی بانکی 'تی بی ئای' باسی لەوەش کرد "تەنها یەک لقی بانکیمان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لە نزیکترین کات دوو لقی دیکەش لە شارەکانی دهۆک و سلێمانی دەکەینەوە."

شوێلی ڕوونیشی کردەوە "لە چوارچێوەی گرێبەستەکە، بڕیارە پڕۆژەی "هەژماری من" دانانی ATM بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆ بگرێت، 34 هەزار فەرمانبەر ناوی خۆی  تۆمار کردووە و ئێستا نزیکەی 10 هەزار بەشداربوو ماستەرکارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، هەر ئەمڕۆ 3900 کارتی دیکەیان ڕەوانەی لقی هەولێر کردووە."

ڕاوێژکارەکەی بانکی 'تی بی ئای' دووپاتی کردەوە "پێدانی کارت و تۆمارکردنی ناوی نوێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەرداوامه و ژمارەکەش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە." گوتیشی: "هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق سوودمەندی تەواوی خزمەتگوزاریە بانکییەکانی دەبن و بەشداریکردنی TBI وەک بانکێکی حکوومەتی، پڕۆژەی هەژماری متمانەی زیاتری دەبێت لای فەرمانبەران."

ئەمە لە کاتێکدایە دوای ئەوەی بانکی  عێراقی بۆ بازرگانی (تی بی ئای) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیمزاکردنی گرێبەستێکی لەگەڵ پرۆژەی "هەژماری من" ڕاگەیاند؛ ژمارەی ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆژەکە گەیشتە هەشت بانک. 

بانکەکانی بەشدار لە پرۆژەی "هەژماری من تاکوو ئێستا بریتین لە: (بانکی جیهان، بانکی ئاڕتی، بانکی بەغداد، بانکی عێراقیی ئیسلامی، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI، بانکی BBAC، بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی IDB).

ژمارەی بەشداربووان لە پرۆژەی "هەژماری من"

بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی پرۆژەی "هەژماری من" تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 700 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پرۆژەکە تۆمار کراون و پرۆسەی تۆمارکردنیش بەردەوامە. 

‎بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، 300 هەزار کارتی بانکی دراوەتەوە بە فەرمانبەران و مووچەکانیان لە ڕێگەی کارتە بانکیەکانەوە وەردەگرن.

‎ تاوەکوو ئێستا 250 ئەی تی ئێم 'ئامێری ڕاکێشانی پارە' لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دانراون و بڕیارە ژمارەی ئەی تی ئێمەکان بکەنە زیاتر لە 1000 دانە بۆ ئەوەی فەرمانبەران بە ئاسانی مووچەکانیان وەربگرن.

هەروەها سەرجەم مووچەخۆران لە کاتی سەردانی ئامێرەکانی ATM لەلایەن بریکارەکانی پڕۆژەی هەژماری من پێشوازییان لێ دەکرێت و لە ڕاکێشانی پارەکانیان یارمەتیدەر دەبن. هاوکات، فەرمانبەران دەتوانن پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی هەژماری من بکەن لە ڕێگەی ژمارە 1991 بە ئامانجی بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر لە سەر ئامێرەکانی ATM.

وەرگرتنی مووچە لە ڕێگەی پرۆژەی "هەژماری من" 

بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی پرۆژەی "هەژماری من" زیاتر لە 150 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەی تایبەت بە پرۆژەکە (ئەی تی ئێم) مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ـیان وەرگرتووە. 

تیمی پرۆژەی "هەژماری من" جەخت لەوە دەکاتەوە، مانگ بە مانگ ژمارەی ئەو مووچەخۆر و فەرمانبەرانەی لە ڕێگەی پرۆژەکەوە مووچەکانیان وەردەگرن، زیاتر دەبێت. 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا چەندان جار جەختی لەوە کردووە "لە پلانیاندایە و کار بۆ ئەوە دەکەن تاوەکوو ساڵی داهاتوو هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆر ببنە خاوەن هەژماری بانکیی خۆیان لە چوارچێوەی ئەو پرۆژە بانکییە."