ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتباری کوشتنی هاووڵاتییەکەی گەڕەکی قڕگە ڕادەگەیەنێت
ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی بەهۆکاری بوونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هاووڵاتییەک کوژرا، ئاسایش تۆمەتباری ڕووداوەکەی دەستگیر کرد.
ئەمڕۆ هەینی 8ـی تشرینی دووەمی 2024، ئاسایشی سلێمانی، لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد، شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی بەهۆکاری بوونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێوان کچ و کوڕێک ڕووادوێکی تەقەکردن ڕووی دا.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، لە ڕووداوەکەدا کەسێک بە ناوی (ب،ف،ع) کوژرا، دەستنەجێ بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستگیر کرا و ڕووبەڕووی یاسا کرایەوە.
ماڵپەری کوردستان24 زانیاری لەبارەی کوژراوەکە بڵاو کردبووەوە، کە ناوی بەڵێن فەرهاد عەبدوڵڵا یە، تەمەنی 23 ساڵە، ناوبراو دوو مانگە ژیانی هاوسەری پێک هیناوە. هەروەها ئەندامی یەکێک لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بوو.