CPJ ئیدانەی پەلاماردان و بەرچەقۆدانی ڕۆژنامەنووسێک لە سێلمانی دەکات

ڕۆژنامەنووس وریا عەبدولخالق
ڕۆژنامەنووس وریا عەبدولخالق

لیژنەی پاراستن و داکۆکیکار لە ڕۆژنامەنووسان کە بە (CPJ) ناسراوە ئیدانەی پەلاماردان و بریندارکردنی ڕۆژنامەنووسێک لە سلێمانی دەکات، کە لەسەر بڵاوکردنەوەی دۆسیەیەکی گەندەڵی لە پارێزگاکە بە چەقۆ و دەمانچە پەلامار دراوە و بیریندارکراوە.

ڕێکخراوی CPJ کە بارەگای سەرەکییەکەی لە نیویۆرکە و لە پێگەی ئەلیکترۆنی خۆیدا ئاماژەیداوە، ڕۆژنامەنووس وریا عەبدولخالق پەیامنێری بوار میدیا لە 4ی ئەم مانگە لە نێو باخەکەی لە سلێمانی لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشیکراوەتە سەر و بە چەقۆ و دەسکی دەمانچە لێیدراوە و بریندارکراوە و برینەکەشی بە 21 تەقەڵ دوراوەتەوە.

هەروەها ڕایگەیاندووە، وریا عەبدولخالق ڕاپۆرتێکی لەسەر گەندەڵی لە سنووری سلێمانی بڵاوکردووەتەوە بۆیە هێرشیانکردووەتە سەری، ئەمەش دژی ئازادی ڕادەبڕین و ئازادی کاری میدیایە.

لەمبارەوە یەگەنە ڕەزائیان، ڕێکخەری کاتی پرۆگرامی مینا لە CPJ لە واشنتنی پایتەخت ڕایگەیاندووە "ئێمە زۆر نیگەرانین لەو هێرشە دڕندەیەی کراوەتە سەر ڕۆژنامەنووس وریا عەبدولخالق و بە سەختی سەری و چەند شوێنێکی دیکەی جەستەی بریندار کراوە".