دەم پارتی دانانی قەیووم و پرۆسەی نوێی ئاشتی تاوتوێ دەکات
ئەنجوومەنی ناوەندیی بەڕێوەبردنی دەم پارتی کۆ دەبێتەوە و دانانی قەیووم لەسەر ژمارەیەک شارەوانیی باکووری کوردستان و پرۆسەی نوێی ئاشتیش تاوتوێ دەکات.
کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 09-11-2024، ئەنجوومەنی ناوەندیی بەڕێوەبردنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنقەرە کۆ دەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، بۆ دانانی قەیووم لەسەر ژمارەیەک شارەوانیی باکووری کوردستان و پرۆسەی نوێی ئاشتی، دوو تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکەی دەم پارتی دەبن.
کۆبوونەوەکە، بە سەرپەرشتیی تونجەر باکرھان و تولای ھاتیمۆگوڵاریێ، هاوسەرۆکانی دەم پارتی بەڕێوە دەچێت و چاوەڕێ دەکرێت دوای تەواوبوونی، ئەو پارتە سیاسییە هەڵوێستی فەرمی خۆی لەبارەی دانانی قەیووم و پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنێت.
ڕۆژی دووشەممە، 04-11-2024، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی سەرۆکی شارەوانییەکانی مێردین، باتمان و خەلفەت لە باکووری کوردستان و دانانی قەیووم لە شوێنەکانیان.
لە دژی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندان خۆپیشاندان لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانییەکانی مێردین، باتمان و خەلفەت لە باکووری کوردستان بەڕێوە چوون و لایەنگرانی دەم پارتی داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانیان دەکرد.
پێشتر ئەحمەد تورک، سەرۆکی دوورخراوەی شارەوانیی مێردین لە لێدوانێکیدا بۆ ماهر یوکسەل، پەیامنێری کوردستان24، بڕیارەکەی بە "نادادی و دژی بەهاکانی دیموکراسی" ناوبرد و دووپاتی کردەوە "وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕێزی لە ئیرادەی گەلی کورد نەگرتووە و بە هەموو شێوەیەک لە دژی دەوەستینەوە."
ئەحمەد تورک، لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە داوای لە هاووڵاتییانی مێردین و سیاسەتمەندارانی کوردی تورکیا و باکووری کوردستان کرد "بچنە بەردەم سەرۆکایەتیی شارەوانییەکە و هاوشان لەگەڵ ئەوان ناڕەزایەتیی خۆیان دژی سیاسەتی بێدەنگکردن و نەهێشتنی گەلی کورد نیشان بدەن و سەرکۆنەی بڕیارەکە بکەن."