مەسرور بارزانی و باڵیۆزی ژاپۆن: گرنگە لە زووترین کاتدا حکوومەت پێک بهێنرێت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد

ئەمڕۆ شەممە، 09-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە فوتۆشی ماتسومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی "سوپاسی باڵیۆزی ژاپۆنی کرد بۆ کارکردنی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە. هەروەها بە پێزانینەوە ئاماژەی بە هاریکاری و پرۆژەکانی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان کرد."

باڵیۆزی ژاپۆن، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە."

ئەوەش خراوەتە ڕوو، سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.