سەرۆک بارزانی: دۆزی گەلی كوردستان هەرگیز بەرەو پاشەوە ناچێت
ڕۆژی شەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2024، لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە فوتوشی ماتسومۆتو، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانیدا ئاماژەی پێ دراوە "باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق كە بەبۆنەی كۆتاییهاتن بە ئەركەكانی و ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، پێزانینی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی هەبوو و ڕۆڵی سەرۆك بارزانیی لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی مێژووی خەباتی گەلی كوردستان و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و کوردستان بەرز نرخاند."
هەر لەو دیدارەدا، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "ڕۆشنایی خرایە سەر مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردستان و کۆڵنەدان و خۆبەدەستەوەنەدانی خەڵكی كوردستان" و سەرۆك بارزانی جەختی لەوەكردەوە "دۆزی گەلی كوردستان هەرگیز بەرەو پاشەوە ناچێت و ئەو دەستكەوتانەی كە هەن، لە دەرئەنجامی قوربانیدانێكی زۆری گەلی كوردستان هاتۆتە ئاراوە و دیاریی هیچ کەس و لایەنێک نییە."
لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا "هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی و دۆستایەتی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ژاپۆن لە بوارە جیاجیاكان كردەوە."
بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەی نێوان سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق بوو.