ئاری ئەحمەد: پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ نەوەستاوە

ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان
ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاشکرای دەکات، پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ نەوەستاوە و کارکردن تێیدا بەردەوامە.

یەکشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2024، ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ نەوەستاوە و کارکردن تێیدا بەردەوامە، دەشڵێت: نزیکەی سەدا 60ـی کاری مەدەنی چەند بەشێکی پرۆژەکە تەواو بووە و دوای دوو ساڵ کارکردن، پرۆژەکە دەکەوێتە کار.

ئاری ئەحمەد ڕایگەیاند: پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ دەبێتە هۆکاری چارەی کێشەی 30 ساڵەی بێ ئاوی دەڤەری چەمچەماڵ و دەورووبەری،  گوتی: کارکردن لە پرۆژەکە بەردەوامە و نەوەستاوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە پرۆژەکە 5 قۆناغە، قۆناغی وەرگر، دوای ئەویش وێستگەی پاڵاوتن، لەگەڵ سێ وێستگەی ئاسایی.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ تیشکی خستە سەر ئەوەی، تەواوی بەشەکانی پرۆژەکە دەستی پێکردووە جگەلە بەشی وەرگر، کارە مەدەنییەکان چەند بەشێکی پرۆژەکە نزیکەی سەدا 60ـی تەواو بووە، ڕاشیگەیاند: دوو ساڵ کار بۆ دروستکردن دەکرێت، ساڵێکیش بۆ کارپێکردن، بەڵام پێویستە پرۆژەکە لە دوو ساڵدا تەواو بکرێت، ساڵێک کۆمپانیای جێبەجێکار پرۆژەکە بەڕێوە دەبات کە دەبێتە ڕاهێنان بۆ ئەوانەی لە پرۆژەکە کار دەکەن.