دۆستە نزیکەکانی کورد لە ئیدارەی نوێی ترەمپ پۆستی گرنگ وەردەگرن

مایکڵ واڵتز و سێناتۆر مارکۆ روبیۆ لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
مایکڵ واڵتز و سێناتۆر مارکۆ روبیۆ لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

هێواش هێواش دۆستە نزیکەکانی کورد لە ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ پۆستی گرنگ و هەستیار وەردەگرن. 

دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکای بردەوە، ئێستاش ئامادەکاریی دەکات بۆ پێکهێنانی ئیدارەی نوێ. هێواش هێواش دۆستە نزیکەکانی کوردیش پۆستی گرنگ و هەستیار لە ئیدارە نوێیەکەی وەردەگرن.

دوو لەو کەسایەتییانەش کۆنگرێسمان مایکڵ واڵتز و سێناتۆر مارکۆ روبیۆ؛ مانگی شوباتی ئەمساڵ، سەرۆکوەزیران لە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا لەگەڵ مایکڵ واڵتز کۆ بووەوە. پێشتریش لە ساڵی 2016 روبیۆ سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆ بووەوە و پشتیوانی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە. 

ترەمپ مایکڵ واڵتزی بۆ پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا دیاریکردووە. واڵتز تەمەنی 50 ساڵە، لە 2019ـەوە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکایە.

 مایکڵ واڵتز دۆستێکی نزیکی کوردە، چەندین جار پشتیوانی لە گەلی کورد و هەرێمی کوردستان کردووە و دژی گرووپە چەکدارەکانی عێراقە. مانگی ئەیلوولی 2023، لە نامەیەکدا بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا داوا دەکات، کۆتایی بە مامەڵەی خراپ لەگەڵ کورد بهێنرێت، دووپاتیشی دەکاتەوە، دەبێت حکوومەتی عێراق بەگوێرەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، لە نامەکەشدا دەڵێ، گرنگە هەناردەی نەوت دەست پێ بکاتەوە.

یەکێکی دیکەش لەو کەسایەتییانە پێشبینی دەکرێت ترەمپ لە داهاتوویەکی نزیک وەک وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دیاریبکات، مارکۆ روبیۆیە، تەمەنی 53 ساڵە و لە 2011ـەوە سێناتۆرە. روبیۆ لە 2016 سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و دۆستی کوردە، پێشتریش چەندینجار دووپاتی کردووەتەوە، "دەبێت بۆ پشتیوانیکردنی کورد ستراتیژمان هەبێت".

ترەمپ، ئێلیس ستێفەنیکی بە باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەستنیشان کرد، ستێفەنیک تەمەنی 40 ساڵە و لە 2015ـەوە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکایە، دژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکابوو لە باکووری سووریا، لە چەندین پرسدا پشتیوانی لە کورد کردووە.