سبەینێ وەزیری بازرگانیی تورکیا سەردانی عێراق دەکات

عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانیی تورکیا (وێنە: AA)
عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانیی تورکیا (وێنە: AA)

وەزیری بارزگانیی تورکیا بە یاوەری شاندێکی باڵا شاندی سەردانی بەغدا و بەسرا دەکات و چەندان کۆبوونەوەی گرنگی دەبێت. 

سبەینێ دووشەممە، 18-11-2024، عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانیی تورکیا بە یاوەری شاندێک کە لە کۆمەڵەی بەڵێندەران، ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا و ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆمپانیا تورکییەکان پێک هاتووە؛ بە سەردانێکی فەرمیی دوو ڕۆژە دەگاتە عێراق. شاندە بازرگانییەکەی تورکیا لەگەڵ سەرۆک وەزیران محەممەد شییاع سوودانی؛ ئەسیر داود سەلمان، وەزیری بازرگانی و ڕەزاق محێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق کۆ دەبێتەوە و ڕۆژی سێشەممەش، 19-11-2024، لەگەڵ ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرە کۆ دەبێتەوە.

ئامانجی سەردانەکە، کۆکردنەوەی بازرگانانی تورکیایە لەگەڵ بازرگانانی عێراق و دۆزینەوەی دەرفەتە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان. هەروەها ىڕیارە "کۆبوونەوەی مێزی بازنەیی" بە بەشداری کۆمپانیا بەڵێندەرەکان لە بەغدا و بەسرا بکرێت.

هاوکات لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، پرسەکانی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ دەکرێن.

قەبارەی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە هەتا تشرینی دووەم بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 5.3%  زیادی کردووە و گەیشتووەتە 10.8  ملیار دۆلار. لەم ماوەیەدا قەبارەی هاوردە لە عێراقەوە بۆ تورکیاش لەسەدا 41 کەمی کردووە و بووەتە 3.7 ملیار دۆلار. ئاستی قەبارەی بازرگانیش بە گشتی 14.5 ملیار دۆلارە.

تا ئێستا بەڵێندەرانی تورکیا بە قەبارەی 34.9 ملیار دۆلار، جێبەجێکردنی هەزار و 111 پڕۆژەیان لە سەرانسەری عێراق لە ئەستۆ گرتووە.