سلێمانی.. پێشمەرگەیەک کە لە ماڵی مام جەلال کاری کردووە لە بنکەیەکی پۆلیس دەکوژرێت

ئامۆزایەکی پێشمەرگەیەکی لیوای یەکی فەوجی 3ـی ماڵی مام جەلال لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لە 24-10-2024، کوڕێکی ئێمە بەناوی 'داستان مەحموود حەمە ئەمین'، کە پێشمەرگەی لیوای یەک فەوجی 3ـی ماڵی مام جەلالە و لە بەغدا دەوام دەکات، لە ناو بنکەی پۆلیسی کوردساتدا بەسێ فیشەک لێیدرا".
گوتیشی: "تاوەکو ئێستا دوو پێشمەرگەی ئێمەیان کوشتووە کە لەماڵی مام جەلال دەوامیان کردووە، ئەوانیش بەناوەکانی "یادگار ساڵح و داستان مەحموود".
ئەو لەبارەی بکوژەکانەوە دەڵێت: " کەسێک بەناوی 'فەرهاد' کە لە سکرتاریەت، لیوای یەک دەوام دەکات، یەکێک لەو بکوژانەی کە ئامۆزایەکی ئێمەی کوشتووە، هەروەها بکوژەکەی دیکەش کە داستانی کووشتووە، برازای فەرهادە و مولازمە، بەڵام نازانم چۆن ڕێگەی پێدراوە بەچەکەوە بچێتە ناو بنکەی پۆلیسی کوردسات".
باسی لەوەش کرد، "لەوکاتەوە ئەم کورەی ئێمە چووەتە ژوورەوە بێ چەک بووە، بەڵام نازانم ئەو مولازمە چۆن بەچەکەوە چووەتە ژوورەوە، ئەبێت پۆلیس ڕوونکردنەوە لەوبارەوە بدات"، گوتیشی: "لەوکاتەدا بکوژەکە لە نهۆمی دووەمی بنکەی پۆلیسی کوردسات، میلی چەکەکەی ڕاکێشاوە ئامادەکاری بۆ کوشتنی کوڕەکەی ئێمە کردووە، کاتێک کوڕەکەی ئێمە لە پلیکانەکان دێتە خوارەوە لەناو هۆڵەکەدا لەبەردەم پرسگە سێ فیشەکی لێ دەدات".
ڕاشیگەیاند: "لەکۆی چوار کەس لە تۆمەتبارەکان سێیان ئازاد کراون، تەنیا یەک کەسیان دەستگیرکراوە، بەڵام ئێمە سێ کەسی بێ تاوانمان دەستگیرکراوە".