دانیشتووانی زیقار بەدەست نەبوونی ئاوەوە گرفتارن
هێشتا کێشەی ئاوی پارێزگای زیقار چارە نەکراوە، هێشتا بەشێکی زۆری گوند و شارۆچکەکان سنووری ئەم پارێزگایە بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوە گرفتارن.
بەشێک لەدانیشتووانی سنووری زیقار دەڵێن: "هێندە ئاویان نییە بەیانیان دەموچاوی پێ بشۆن، حکوومەتیش سەرباری خەرجکردنی دەیان ملیۆن دۆلار، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ئاوی خواردنەوە بگەیەننە سەرجەم گەڕەک و ناوچەکان."
کێشەی ئاوی پارێزگای زیقار چارە نەکراوە، هێشتا بەشێکی زۆری گوند و قەزاکانی سنووری ئەم پارێزگایە بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوە گرفتارن، بێئاوی دۆخی ژیانی دانیشتووانی زیقاری سەختتر کردووە، ئەوەی کێشەکەی قوڵتر کردووەتەوە پرۆژەی چاکسازی ئاوە، چونکە ئەو ئاوەی دەیگەیەنێت بە خەڵک زۆر کەمە، تەنانەت هەندێک لە گوندەکان هیچ ئاوێکیان پێ ناگات.
هاووڵاتییەکی شارۆچکەی زیقار بە کوردستان24 دەڵێت: "ئاومان نییە، ئاو بەهیچ جۆرێک بە بۆرییەکاندا نایەت، زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێم بەیانیان کە لە خەو هەڵدەستین ئاومان نییە دەموچاومانی پێ بشۆین، بەڕاستی بێئاومان پرزەی لێمان بڕیووە."
هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێت: "ئاومان نییە، هیچ جێگەیەک نەماوە سەردانی نەکەین لە پارێزگارەوە بۆ بەڕێوەبەری ئاو و بچووکترین بەرپرس، کەس بەدەمانەوە نەهاتووە خودا شاهیدە ئاومان نییە."
سەرباری ئەنجامدانی پرۆژەی گەورەی گەیاندنی ئاو کە بەم دواییانە حکوومەت دەستی پێ کردووە لە سنووری پارێزگای زیقار، بە مەبەستی چارەکردنی کێشەی ئاوی زیقار، بەڵام پرۆژەکە لە ئاست داخوازیی خەڵک نەبووە، خەڵکی ناوچەکەش هیچیان بۆ نەماوەتەوە جگە لەوەی چاوەڕوانی بۆریی ئاوی حکوومەتی بکەن ئاوی پێدا بێت، هەندێکیان بۆریی ئاویان لە گەڕەکانی دیکەوە ڕاکێشاوە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان. سەرباری هەموو ئەمانە قەیرانی ئاو بەردەوامە و بەڵکو فراوانتریش بووە.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئاوی زیقار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پەیوەندیمان بە بەرپرسانی حکوومەتی ناوەندیی و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوەوە کردووە، ئەمە ڕاستییە کە زیقار گرفتی کەمیی ئاوی هەیە، داوامان کردووە بەردانەوەی بەشە ئاومان بۆ زیادبکەن و چاوەڕوانین."
نزیکەی 20 ساڵ تێپەڕبووە بەسەر دەست بەکاربوونی حکوومەتی عێراقی نوێ، بەڵام دانیشتووانی زیقار هێشتا چاوەڕوانی حکوومەتن بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆیان، ئەم کێشەیە بودجەی گەورە و سەرسوڕهێنەری بۆ تەرخانکراوە، بەڵام پارەکە بەشێوەی دروست بەکارنەهاتووە و کێشەکان بەردەوامن.