سلێمانی..تەرمی کارمەندێکی هێزی ئەمنی لە نێو ئۆتۆمبێڵەکەی دۆزرایەوە
تەرمی کارمەندێکی هێزی ئەمنی، لەنێو ئۆتۆمبێڵەکەی لە سلێمانی دۆزرایەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێکردووە.
چوارشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، تەرمی کارمەندێکی هێزی ئەمنی لە سلێمانی و نزیک عەلوەی ئەو شارە دۆزرایەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، تەرمی ئەو کارمەندەی هێزە ئەمنیەکان لە نێو سەندوقی ئۆتۆمبێڵەکەی بووە.
هێزە ئەمنییەکان گەیشتونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تەرمی کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، شوێنەواری چوار فیشەکی لەسەر جەستەی بووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 لە سەرچاوەیەکەوە، ناسنامەی تەرمەکە ناسراوەتەوە و ئەندامی هێزێکی ئەمنی سلێمانییە.
لە ڕووداوێکی پێشتریشدا، ئامۆزای پێشمەرگەیەکی لیوای یەکی فەوجی 3ـی ماڵی مام جەلال لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردبوو "لە 24-10-2024، کوڕێکی ئەوان بەناوی 'داستان مەحموود حەمە ئەمین'، کە پێشمەرگەی لیوای یەک فەوجی 3ـی ماڵی مام جەلال بووە و لە بەغدا دەوامی کردووە، لە ناو بنکەی پۆلیسی کوردساتدا بەسێ فیشەک لێیدراوە و کوژراوە".
ئەو کەسە گوتوویەتی: "تاوەکو ئێستا دوو پێشمەرگەی ئەوان کە لەماڵی مام جەلال دەوامیان کردووە، بەناوەکانی "یادگار ساڵح و داستان مەحموود". کوژراون.