ناتۆ: ئۆکرانیا ئێستا ناتوانێت دەست بە گفتوگۆی ئاشتی بکات

مارک ڕووتە، مسکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند، ئێستا ئۆکرانیا ناتوانێت گفتوگۆی ئاشتی دەست پێ بکات، چونکە لە پێگەیەکی بەهێزدا نییە. 

 سکتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوەش دا "ئەگەر پوتن لە ئۆکرانیا ئامانجەکانی بەدەست بهێنێت، ئاشتیی درێژخایەن دەستەبەر نابێت." 

ئەو هەروا دەشڵێت: "ئۆکرانیا ئێستا ناتوانێت دانوستان و گفتوگۆی ئاشتی بکات، چونکە ئەوان لەپێگەیەکی بەهێزدا نین، دەبێت بە گۆڕینی ڕێڕەوی شەڕ و پێکدادان، دڵنیایی بدەین ئۆکرانیا دەگاتە پێگەیەکی بەهێز."

مارک ڕووتە، سکتێری گشتیی ناتۆ  گوتیشی: "داهاتووی ئەورووپا و ئاسایشی جیهان پەیوەستە بە دەرئەنجامی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا. هەموو دەمانەوێت ئەم جەنگە کۆتایی بێت، بەڵام لەسەروو هەموویەوە، دەمانەوێت ئاشتییەکی درێژخایەنیش دەستەبەر بێت."

ڕاشیگەیاند "نازانم کەی و چۆن ئەم جەنگە کۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی دەیزانم ئاشتیی درێژخایەن دەستەبەر نابێت ئەگەر پوتن لە ئۆکرانیا ئامانجەکانی بەدەست بهێنێت."

باسی لەوەش کرد "تا ئەو کاتەی ئاشتیی درێژخایەن و سەقامگیریی لە جیهان دەستەبەر دەبێت و پێگەی ئۆکرانیا بە‌هێز دەبێت، هاوکارییەکانمان بەردەوام دەبن."