سعوودیە دەیەوێت بە بڕی 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لەگەڵ ئەمەریکا بکات

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعوودیە ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2025، بڵاویکردووەتەوە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کردووە و پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لێکردووە.
لە میانی پەیوەندییەکەیاندا، ڕێگاکانی هاوکاری نێوان سعوودیە و ئەمەریکا تاوتوێ کراوە بۆ هێنانەدی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە جگە لە بەهێزکردنی هاوکاریی دوو قۆڵی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر،
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە گفتوگۆکەی نێوانیاندا، باس لە پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کراوە لە بوارە جیاجیاکاندا، بەو پێیەی شازادەی جێنشین ئاماژەی بە توانای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە، هەروەها سعوودیە خواستی خۆی بۆ فراوانکردنی کەرتی وەبەرهێنان و پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا لە چوار ساڵی داهاتوودا بە بڕی 600 ملیار دۆلار خستووەتە ڕوو.
ترەمپ دوای دەستبەکاربوونی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، پرسیاری ئەوەی لێکرا ئایا یەکەم وڵات کوێ دەبێت کە سەردانی بۆ بکات؟ لەوەڵامدا گوتی "بەریتانیا، بەڵام لە خوولی پێشووم سعوودیە بە بەهای 450 ملیار دۆلار بەرهەمەکانی ئەمەریکا کڕیووە، بۆیە ئەگەر ئەمجارەش سعوودیە بە 500 ملیار دۆلار بەرهەمی وڵاتەکەمان بکڕێت، ڕەنگە یەکەم شوێن بێت بۆی بچم."