داهاتی 11 مانگی عێراق زیاتر لە 165 تریلیۆن دینار بووە

دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڵاوی کردەوە، قەبارەی داهاتەکانی بودجەی فیدراڵی لەماوەی 100 مانگدا، 135 تریلیۆن دیناری تێپەڕ کردووە، لەهەمان کاتدا پسپۆڕێکی ئابووری هۆشداری دەدات کە تەنیا پشت بەستن بە داهاتی نەوت، وڵات تووشی هەڵاوسانی ئابووری دەکات.
بەگوێرەی ئەو داتا و خشتانەی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ ساڵی دارایی لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 تا تشرینی دووەمی هەمان ساڵ دەرچووە، ئاشکرا کراوە داهاتی نەوت بە ڕێژەی نزیکەی 88% بووە، بەڵام تاوەکوو ئێستەش سەرچاوەی سەرەکییە بۆ بودجەی گشتی.
لە خشتەکەی وەزارەتی دارایی دەرکەوتووە، کۆی داهاتی 11 مانگی ساڵی ڕابردوو بریتی بووە لە لە 135 تریلیۆن و 322 ملیار و 716 ملیۆن و 694 هەزار و 603 دینار، هەروەها کۆی پێشینەکانیش 17 ترلیۆن و 352 ملیار و 387 ملیۆن و 556 هەزار و 226 دینار بووە.
بەپێی خشتەکە، داهاتی نەوت، 119 ترلیۆن و 33 ملیار و 253 ملیۆن و 845 هەزار دینار بووە، کە 88%ی بودجەی گشتی پێک دەهێنێت، هاوکات داهاتی نانەوتی 16 تریلیۆن و 289 ملیار و 462 ملیۆن و 848 هەزار دینار بووە، کە 12%ی بودجەی گشتی عێراق پێک دەهێنێت.
لەو چوارچێوەیەدا، محەممەد حوسنی، شارەزای بواری ئابووری بە میدیای ناوخۆیی ڕاگەیاند "پشتبەستنی تەنیا بە سەرچاوەی نەوت، وڵات بەرەو هەڵاوسانی ئابووریی گەورە دەبات."
ئاماژەی بەوەش کرد "گواستنەوەی ئابووریی لە سامانە سرووشتییەکانەوە بۆ ئابوورییەکی گشتگیر، پێویستی بە ئیرادەی سیاسی و سەقامگیری ئەمنی و سیاسی هەیە."
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەش کرد "ئەو سامانە سروشتییانەی کە عێراق هەیەتی، دەتوانرێت پەرەیان پێبدرێت و پشتیان پێ ببەسترێت، بۆ هەمەچەشنکردنی کەرتە ئابوورییەکان، هەروەها فراوانکردنی بەرهەمهێنان، کارکردن بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاوی وەبەرهێنان کە بەشدار بێت لە ڕاکێشانی وەبەرهێنان، چ ناوخۆیی بێت یان بیانی."