عێراق ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ سووریا دەکات

عێراق ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ سووریا دەکات، دوای ئەوەی سووریا مەرجەکانی عێراق بۆ دامەزراندنی دەروازەیەکی هاوبەش بە پاسەوان و گومرگی و پاسپۆرت و مۆرەوە تەواو دەکات، هەروەکو دەروازەی قائیم.

حەسەن شێخ، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانی عێراق و سووریا، بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاند "عێراق ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ سووریا، هەروەها داواشی لە سووریا کردووە کە دەروازەیەکی هاوبەش لەسەر سنوورەکە دابمەزرێنێت، چونکە عێراق ناتوانێت هیچ کاڵایەک وەربگرێت کە بە قاچاخ هێنرابێت."

ئاماژەی بەوەش کرد "سووریا مەرجەکانی دەروازەکەی تەواو کردووە، لەوانە پاسەوان و گومرگ و پاسپۆرت و مۆر، چاوەڕێی ئەوە دەکات سەرکردە ئەمنییەکانی عێراق ڕێککەوتنێکیان لەگەڵدا ئیمزا بکەن، کە مەرجەکانی کارکردن لەخۆ دەگرێت." گوتیشی: ئەو کەرەستانەی کە هەناردە دەکرێن، دەبێت بەڵگەنامەکانی پێویست بۆ هەر کاڵایەک هەبێت، وەک سەرچاوەی کاڵاکە، نووسراوی گومرگی، پشکنین، مۆر و هەموو شتێک کە پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکەوە هەیە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا ئامادەبن.

سەبارەت بە دیارترین ئەو کەرەستانەی کە بازرگانییان پێوە دەکرێت، حەسەن شێخ، ڕوونی کردەوە "عێراق بەرهەمەکانی خۆراک وەک خورما و هەروا بەرهەمی پیشەسازی هەناردە دەکات و لە هەمان کاتدا شیرینی، میوە و سەوزە و جوانکاریی ئافرەتان و بۆن و دەرمان و پێداویستیی پزیشکی هاوردە دەکات."

وەزارەتی ئابووریی سووریا، لە بەیاننامەیەکدا کە لە 25ـی کانوونی دووەمی 2025 بڵاوی کردەوە، پلانی خۆی بۆ بەهێزکردنی ئابووریی ناوخۆیی ئاشکرا کرد، کە بریتی بوو لە پاڵپشتیکردنی هەناردەکردن و  دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرهەمە سوورییەکان، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەنێویاندا عێراق.