هاووڵاتییانی تورکیا لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان نیگەرانن

دۆخی ئابووری لە تورکیا هەمیشە پرسێکی سەرەکییە و خەڵک ناڕازین لە نرخی کاڵاکان، دۆخی کرێکار و ڕەنجدەرانیش لەوە خراپترە، ناتوانن پاشەکەوت بکەن و نیگەرانن لە گرانیی بازاڕ. هەرچەندە سیاسەت تا ئاستێک وای کردووە دۆخی ئابووریی زۆر لە یادی هاووڵاتییان نەمێنێت، بەڵام دۆخەکە هێندە سەخت دیارە، ئەستەمە خەڵک بە ئاسانی لەیادی بکەن.
هەڵبژاردنی پێشوەختە، کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار، قەییوم، شارەوانییەکانی جەهەپە و دەستپێکردنی قۆناغی نوێی ئاشتی، هەموو ئەوانە ڕۆژەڤی سەرەکین لە تورکیا، بەڵام بابەتێکی دیکە هەیە کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی بەسەر تەواوی خەڵکی تورکیاوە هەیە، ئەویش دۆخی ئابووری و گرانییە.
سەندیکایەکی گەورەی تورکیا بەدواداچوونێکی بۆ کرێکار و ڕەنجدەرانی تورکیا کردووە، ئەنجامەکەی جێگەی تێڕمانینە.
بەگوێرەی راپرسییەکە %67ـی کرێکاران دۆخی داراییان لەماوەی ساڵێکدا خراپتر بووە، 95.6%ـیان هیچ پاشەکەوتێکیان نییە.
هەر بە پێی ڕاپرسییەکە، %78ـی بەشداربووان ناتوانن دوو ڕۆژ جارێک گۆشتی سوور، مریشک یان ماسی بخۆن. هاوکات %93.1ـیان ناتوانن مۆبیلیاتەکانیان بگۆڕن و نوێیان بکەنەوە.
هەروەها %92.9ـشیان ناتوانن ئامێرە کارەباییەکانی ماڵەوەیان چاک بکەنەوە یان بیانگۆڕن. %70.6ـیان ناتوانن بەلایەنی کەمەوە مانگێ جارێک لە دەرەوە نان بخۆن.
%83.3ـیان ناتوانن بۆ ماوەی هەفتەیەک پشوو بدەن و بچنە شوێنێک، کرێکاران و ڕەنجدەران ناتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە، بەگوێرەی راپرسییەکە %70ـیان ناتوانن قەرزی بانکەکان بدەنەوە.
هاوکات %56.7ـیان ناتوانن لە کاتی خۆی قەرزەکانیان بدەنەوە کە لە کەسوکار و برادەرانیان وەرگرتووە. %53ـیان ناتوانن قەرزی خانوو یان کرێ بدەنەوە. بەدەر لەوەش %46.6ـیشیان کێشەیان هەیە لە پارەی کارەبا، ئاو و غاز.
کرێکاران لە تورکیا دڵخۆش نین و ئومێدیان لەدەستداوە، بەگوێرەی ڕاپرسییەکە، %10.1ـیان گەشبینن بە ئاییندەیان، هاوکات %34.3ـیان خۆیان لەناو ناڕوونییەکی تەواو دەبینن. %26.1ـیان بە ڕەشبینییەوە سەیری ئاییندەیان دەکەن. %23.6ـیشیان دەڵێن هیچ گەرەنتییەکیان نییە.