تورکیا 15 هەزار تۆن هێلکە بۆ ئەمەریکا هەناردە دەکات
تورکیا دەستی کردووە بە هەناردەکردنی نزیکەی 15 هەزار تۆن هێلکە بۆ ئەمەریکا، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە ئەمەریکا، بەرهەمهێنانی کەمی کردووە و نرخەکانیشی بەرزبووەتەوە.
مردنی ملیۆنان مریشک هەڕەشەی ئەوە دەکات بەڵێنەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی تێچووی ڕۆژانە لە ڕێڕەوی خۆی دەربهێنێت، ئەمەش لەکاتێکدایە دوکان و مۆڵەکانی خواردن و خواردنەوە پشکەکانیان کەم کردووەتەوە و خواردنگەکانیش نرخی هێلکە بەرز دەکەنەوە.
ئیبراهیم ئەفیون، سەرۆکی کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی هێلکەی ناوەندی تورکیا، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "ناردنی هێلکە لەم مانگەوە دەستی پێ کردووە و تا مانگی تەمموزی داهاتوو بەردەوام دەبێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، هەناردەکردنەکە لەڕێگەی ئەندامانی کۆمپانیاکانمانەوە دەکرێت کە مۆڵەتی پێویستیان بەدەست هێناوە، هاوکات دوو کۆمپانیا هەماهەنگی پرۆسەکە دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، کۆی گشتی 15 هەزار تۆن هێلکە دەنێردرێت کە یەکسانە بە 700 کۆنتێنەر.
ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە، لە مانگی نیسانەوە نزیکەی 70 کەسی تووش کردووە و تاکوو ئێستا یەکێکیان گیانی سپاردووە، ئەوانیش بەشێوەیەکی سەرەکی کرێکاری کێڵگەکانن و مامەڵە لەگەڵ پەلەوەر یان ئاژەڵە تووشبووەکان دەکەن.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەا لەنێو پەلەوەرەکاندا لە ساڵی 2022 دەستی پێ کردووە، بەگوێرەی داتاکانی ئەمەریکا نزیکەی 160 ملیۆن مریشک و کەڵەشێر و باڵندەی دیکە مردوون.
بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لەم دواییانەدا، کەمیی هێلکەی زیاتر کردووە.
ئافیۆن، ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بەدوای بازاڕی هاوردەکردنی جێگرەوەدا گەڕاون، بەهۆی کەمیی دابینکردنی، ئەمەش بووە هۆی دانوستان لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی تورکیا.
ڕوونیشی کردەوە، پێشبینی دەکرێت ئەو ڕێککەوتنە داهاتی هەناردەکردن بەدەست بهێنێت، بە نزیکەی 26 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، بای لەوەش کرد، تورکیە لە ڕیزی 10 وڵاتی پێشەنگی هەناردەکاری هێلکەدایە لە جیهاندا.
USDA کاردەکات بۆ دووبارە کۆکردنەوەی ڤاکسینی ئەنفلۆنزای باڵندە بۆ پەلەوەر و مۆڵەتی مەرجداری بە تەندروستیی ئاژەڵانی زۆیتیس داوە بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینێک بۆ مریشک، بەڵام هێشتا مۆڵەتی بەکارهێنانی ڤاکسینەکانی دەرنەکردووە.