ڕێکخراوی ئاشتیی هۆڵەندی: زیادبوونی ماددە هۆشبەرەکان لە بەسرە بەهۆی لاوازی کۆنترۆڵی سنوورەکانە

ڕێکخراوی ئاشتیی هۆڵەندی PAX بە هاوکاریی ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوخۆیی، ڕاپرسییەکی لەسەر دۆخی ئاسایشی مرۆیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی لە پارێزگای بەسرە کردووە، کە حەوت ناوچەی شار و گوندنشینی پارێزگاکەی لەخۆ گرتبوو.
ڕاپرسییەکە، ڕای 849 کەسی وەرگرتووە و دەرکەوتووە کە 36%ی دانیشتووانی بەسرە لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن، هەروەها 35%یان لە کەرتی گشتی و پەروەردە و چاودێریی تەندروستیدا کار دەکەن و 44.4%یان ڕایانگەیاندووە کە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان جێ هێشتووە لە دەرەوەی پارێزگاکە بەدوای هەلی کاردا دەگەڕێن. لەکاتێکدا 49%یان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە نێو دانیشتوواندا زیادی کردووە.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا، ڕایگەیاندووە "ئەو ڕاپرسییەی کردووە و تێیدا دەرکەوتووە، کە 53.4%یان کاریان هەیە، بەو پێیەی 36%ی دایک و باوکەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە کەرتی تایبەت و پڕۆژەی بچووکدا کار دەکەن، لەکاتێکدا 35%یان لە خزمەتگوزارییە مەدەنی و حکوومەتییەکان لە کەرتی گشتیی لە بواری چاودێریی تەندروستی یان پەروەردەدا کار دەکەن، هەروەها 9%ی گەنجان بە کرێی ڕۆژانە کار دەکەن.
سەبارەت بە دۆخی ئاسایشی کەسیی لە کۆمەڵگادا، لە 9%یان ڕایانگەیاندووە بەگشتی هەست بە سەلامەتی ناکەن. هەروەها سەبارەت بە گۆڕانی ڕەوشی ئەمنی بە بەراورد بە ساڵی پێشوو، لە 65%یان گوتوویانە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە.
سەبارەت بە بڵاوبوونەوە و زیادبوونی ماددە هۆشبەرەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە ڕایگەیاندووە "49.9%ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە باسیان لەوە کردووە، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ماوەی 12 مانگی ڕابردوودا زیادی کردووە."
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە 17%یان پێیان وایە حکوومەت شکستی هێناوە لە چارەکردنی ئەو دیاردەیە، لەکاتێکدا 5%یان دەلێن، قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولیەکان لە پشت ئەم حاڵەتەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە.
هەروەها لە 20% یان گوتویانە، هۆکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی ڕێوشوێنی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان لە ڕێگریی لە هێنانی ماددە هۆشبەرەکان. هەروا دۆخی سەختی ئابووری و پەیوەست بە لاوازیی هۆشیاری تاک و نەبوونی شوێنی کات بەسەربردن و بەکارنەهێنانی تواناکانی گەنجان لە بوارە بەسوودەکاندا، هۆی دیکەن بڵاوبوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانن.