ئیسرائیل بۆ مانگی ڕەمەزان ئاگربەستی ڕاگەیاند

ئەمەریکا پێشنیازی بۆ ئیسرائیل کردووە کە لەمانگی ڕەمەزان ئاگربەست ڕابگەیەنێت و ئەویش پەسەندی کردووە.
یەکشەممە، 2ـی ئاداری 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە "تەلئەڤیڤ بە پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕازی بووە، بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە مانگی ڕەمەزان و جەژندا."
ئەم ڕاگەیاندنەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، دوای ڕاوێژی ئەمنی و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە هات، کە ناتانیاهۆ لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ وەزیرە باڵاکانی حکوومەتەکەی و سەرکردەکانی هێزە ئەمنییەکان و تیمی دانوستانکار کردوویەتی.
لای خۆشیەوە حەماس ئەم پێشنیازەی ڕەتکردەوە و داوای جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست دەکات، کە بە واتای کۆتاییهێنان بە شەڕ لە کەرتی غەززە دێت، بزووتنەوەکە پێشنیازەکەی ئەمەریکای بە خۆ سزینەوەی ئیسرائیل لەو ڕێککەوتنانە وەسف کرد. کە ئیمزای لەسەر کراوە.
مەحموود مەرداوی، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: "تاکە ڕێگە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری ناوچەکە و گەڕانەوەی زیندانیان، تەواوکردنی ڕێککەوتنەکەیە، کە لە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمەوە دەستپێدەکات، کە دانووستان لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی هەمەلایەنە و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە لە خۆدەگرێت، ئێمەش لەوە پاشەکشە ناکەین."
ڕۆژی هەینی، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، پابەندە بەهەموو بڕگەکانی ئاگربەستی غەززە و ئاڵوگۆڕی زیندانیان، هەروەها داواشی لە نێوەندگیرەکان کرد، فشار لە ئیسرائیل بکەن دەستبەجێ بچێتە قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە.
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، چووە بواری جێبەجێ کردن، بەڵام دەستپێنەکردنی دانووستانەکان بۆ قۆناغی دووەم، دەرگا بەڕووی چەندین سیناریۆی ئەگەریدا دەکاتەوە.
هەروەها ئیسرائیل دەیەوێت قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانی و بارمتەکان درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی بارمتەکان ئازاد بکرێت، بەبێ ئەوەی ئەو پابەندبوونانە تەواو بکات کە لە ڕێککەوتنەکەدا بەسەریدا سەپێنراوە.