پارێزگایەکی کەنەدا نرخی کارەبا لەسەر ئەمەریکا زیاد دەکات

سەرۆکی حکوومەتی پارێزگای ئۆنتاریۆی کەنەدا، ڕایگەیاند، باجی زیادە بەڕێژەی 25% لەسەر نرخی ئەو کارەبایە زیاد دەکەن کە هەناردەی سێ ویلایەتی ئەمەریکا دەکەن، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەی ئەمەریکایە کە ڕسوماتی گومرگیی لەسەر کەنەدا زیاد کردووە.
حکوومەتی پاریزگای ئۆنتاریۆ ئاماژەی بەوە داوە، زیادکردنی ئەو باجە لەسەر فرۆشتنی کارەبا، نزیکەی یەک ملیۆن و نیو ماڵ و کۆمپانیای ویلایەتەکانی 'میشیگان، مینیسوتا و نیویۆرک' دەگرێتەوە، واتە ڕۆژانە 400 هەزار دۆلار زیاد دەکات.
دۆگ فۆرد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تۆرۆنتۆ گوتی: من کەمتەرخەم نابم لە زیادکردنی ئەم باجانە، ئەگەر ئەمەریکا زیاتری کرد، درێغی ناکەم لە بڕینی کارەبا بە تەواوی لەسەر ئەمەریکا.
ڕوونیشی کردەوە، باوەڕم پێ بکەن، من نامەوێت ئەم هەنگاوە بنێم، بەزەییم بە گەلی ئەمەریکادا دێتەوە، کە بەرپرسیار نەبوون لەم شەڕە بازرگانییە، تاکە بەرپرس دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکایە.
فۆرد جەختی کردەوە "باجە نوێیەکان سەرەڕای ڕاگەیاندنی ترەمپ بۆ دواخستنی ڕێوشوێنەکانی شەڕی بازرگانی بۆ ماوەی مانگێک"، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم "ماوە کورتە تەنیا بە مانای نادڵنیایی زیاتر دێت."هەروەها پارێزگای کیوبیکیش بڕیارە هەنگاوێکی هاوشێوە، بگرێتەبەر سەبارەت بە هەناردەکردنی کارەبا بۆ ئەمەریکا.
ئەو باجە زیادەیە لە وەڵامی ئەو باجە دێت، کە هەفتەی ڕابردوو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، 25% باجی لەسەر هاوردەکردنی کاڵای کەنەدا و مەکسیک دانا.