کارەبای سلێمانی هاووڵاتییان سەرپشک دەکات

"بەستانی پێوەر دۆخی کارەبا باشتر دەکات"

K24 - سلێمانی

لە رێوڕەسمێكدا بەگەڕخستنەوەی وێستگەی کارەبای خەبات وەزیری کارەبا رایگەیاند، دانانی بەشێک لە پڕۆژەی پێوەری زیرەک تەواو بووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی دەڵێت، نووسراویان بۆ ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە کردووە کە ھاووڵاتییان ئەوانەی جۆزەی 20 ئەمپێریان بۆ دانراوە سەرپشک بکرێن لەوەی جۆزەکانیان لاببرێت یاخود بمێنێتەوە، ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە کە لابردنی جۆزەکان، کارێکی قورسە و ھاووڵاتییان پێیان باشە جۆزەکان بمێنەوە.

بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا و کۆنتڕۆڵکردنی بەھەدەردانی کارەبا لەلایەن بەکارھێنەرانیەوە، لە رابردوودا چەند پێشنیازێک کران، کە پێكھاتوون لە دانانی پێوەری زیرەک و جۆزەی 20 ئەمپێری. بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، پێوەری زیرەک پڕۆژەیەکی ستراتیژیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کارەبا.

لە پارێزگای سلێمانی 610 ھەزار بەشداربووی کارەبا ھەیە و تائێستا 85 ھەزار پێوەری زیرەکیان بەستووە.