بەهۆی کەمتەرخەمی بریکارەکان سەبەتەی خۆراك دوای جەژن دابەش دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی دابشەكردنی خۆراكی هەولێر ڕایگەیاند، دوای جەژن دەست بە دابەشكردنی سەبەتەیەكی نوێی خۆراك دەكەین.

چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، دلێر عەبدلواحید، بەڕێوەبەری خۆراكی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بۆ دابەشكردنی سەبەتەی دووەمی خۆراك، ئامادەكاری دەستی پێ‌ كردووە، بریكارەكان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی كەلوپەلی خۆراكی هەولێر بكەن بۆ وەرگرتنەوەی لیستی بریكاری خۆراك و پێشكەشكردنی پارەی لیستی بریكاری. 

دەشڵێت، سەبەتەی خۆراک پێكهاتووە لە شەش ماددە زەیت و شەكر و برنج و نیسك و ئارینۆك و دۆشاوی تەماتە.

دلێر عەبدولواحید، ڕاشیگەیاند، بەهۆی کەمتەرخەمی بریکارەکان، ناچارین دوای جەژن سەبەتەی خۆراک دابەش بکەین، بۆیە داوا لە گشت بریکارەکانی خۆراک دەکەین، کە بێن بڕی ئەو پارەی دیاری کراوە بیدەن، چونکە هیچ بەشە خۆراکێک نادرێت تا بریکارەکان ئەو بڕە پارە نەدەن.

بۆ جێبەجێكردنی بڕِیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، دەبێت هەر بریكارێك بڕی 16 هەزار دینار زیاتر داخلی ڤیزەكارت بكات بۆ وەرگرتنەوەی ناسنامەی بریكاری ساڵی 2025، چونكە وەرگرتنەوەی لیستی بریكاری خۆراك و شێوازی پارەدان، تەنیا لە ڕێگەی ڤیزە كارتی بانكی (جنوب ئیسلامی) دەبێت.

ئەوە لە كاتێكدایە دابەشكردنی سەبەتەی یەكەمی خۆراك لە عێراق و هەرێمی كوردستان تەواو بووە، 10 مادەی خۆراكی لە خۆ گرتبوو كە بەشێكیان بۆ رەمەزان زیاد كرابوون و دابەشكردنەكەیان بۆ یەك مانگ بوو.