عەلی تەتەر: هێرشکەرەکەی سەر ئاهەنگێڕانی ئەکیتۆ دەستگیرکراوە

لە کاتی بەڕێوەچوونی جەژنی ئەکیتۆی  کریستیانەکان لە شاری دهۆک، کەسێک بە ساتوور پەلاماری هاووڵاتییانیدا و دوای بریندارکردنی دوو هاووڵاتیی کریستیان، توانرا هێرشکەرەکە دەستگیر بکرێت.

لە بارەی ڕووداوەکەوە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی نیسانی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی کەسێک هەوڵیدا زیان بە ئاهەنگێڕانی ئەکیتۆ بگەیەنێت، دەزگا ئەمنییەکان توانیان دەستبەجێ ئەو تاوانبارە دەستگیر بکەن.

پارێزگاری دهۆک گوتیشی: دوای تەواو بوونی لێکۆڵینەوەکان، ئەنجامەکەی بڵاو دەکرێتەوە. 

هەروەها ئاماژەشی دا، بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە هێرشە نامرۆییانە دەکەین، بەو کەسانەش پێکەوژیان لە کوردستان کۆتایی نایەت.

عەلی تەتەر باسی لەوەشکرد، کوردستان بە دڕێژایی مێژوو شوێنی پێکەوە ژیانی موسڵمان، کرسیتیان، ئێزدی و جووەکان و تەنانەت شوێنی مەزهەبە جیاوازەکانی وەکوو سووننە و شیعەکانیش بووە. 

جەختیشیکردووە، بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە خوشک و برایە کریستیانەکان، ئێزدی، سریان، کلدان، ئاشووری و هەموو پێکهاتەکانی دیکە دەکەین، کە لە کوردستان دەژین.

هەروەها چەکدار جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک ڕایگەیاند، بە گوێرەی ڕێکخەرانی ئاهەنگەکە، یەکەم جار زیاتر لە سێ هەزار کەس لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و عێراق و دەرەوەی عێراق بەشداری ئاهەنگەکە بکەن. 

گوتیشی: لە ئاهەنگەکەدا کەسێک بە ساتوور هێرشیکردووتە سەر ئافرەتێک و کوڕەکەی، کە بەهۆیەوە هەردووکیان برینداربوون و ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشکدان. 

هەروەها ئاماژەیدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی دهۆک ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووتەوە و ئاماژەیداوە، هەردوو بریندارەکە لە ژێر چاودێری تەندروستیدان و پێوستیان بە نەشتەرگەری نییە. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، هێرشکەرەکە خەڵکی سووریایە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکە دەستگیر کراوە و دانی بە تاوانەکەشی ناوە. 

جەژنی ئەکیتۆ

جەژنی ئەکیتۆ، یان جەژنی سەری ساڵی بابلیی ئاشووری، دەکەوێتە یەکەمین ڕۆژی مانگی نیسانەوە لە میزۆپۆتامیا بەڕێوەدەچێت. لەو جەژنەدا وەکو نەریتێک ساڵانە فیستیڤاڵ و چالاکیی جیاواز بەڕێوە دەچن، ئەم جەژنە واتە هاتنی بەهار و بوژانەوەی سروشت و سەرەتای ساڵی نوێ، نیشانەی شوناسێکی کولتوورییە، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی ئاشووری، سریانی و کلدانی. 

یەکێک لە دیارترین سیماکانی ئەو جەژنە، ریپێوانێکی کورتە بە جلوبەرگی نەتەوەیی کە بە رێپێوانی بنەوشەیی ناسراوە، ئەو رێپێوانە لە سەردەمی پاشای بابل گرنگیی زۆری پێ دراوە کە 12 ڕۆژ بەردەوامی هەبووە، لەو ساڵانەی دواییش لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لە شاری دهۆک دەکرێت. 

مێژووی ئەم جەژنە بۆ پێنج هەزار و 300 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. جەژنەکە لە عێراق و باشووری کوردستان، ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەورووپا و ئەمەریکا لەلایەن کلدان و ئاشوورییەکانەوە یاد دەکرێتەوە.