عێراق له ڕاگه‌یاندنی باری نائاسایی ژینگه‌یی نزیك ده‌بێته‌وه
به‌هۆی گۆڕانه‌كانی كه‌شوهه‌وا و وشكه‌ساڵییه‌وه، خه‌ریكه عێراق له ڕاگه‌یاندنی باری نائاسایی ژینگه‌یی و دروستبوونی هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر دانیشتوانه‌كه‌ی نزیك ده‌بێته‌وه، به‌تایبه‌تیش وشكه‌ساڵی و پیسبوونی ژینگه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی سه‌وزایی له شاره‌كانیش كردووه.
كه‌مبوونه‌وه‌ی پانتاییه‌كانی ژینگه‌ی سه‌وز له شاره‌كانی عێراق، به‌تایبه‌تی له به‌غدا و هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌بیابانبوون، وایان كردووه دۆخی ژینگه‌ی شاره‌كه و وڵات به‌گشتی له‌ژێر ههڕهشهدابن. ئەگەر ئەم تێکچوونە کۆنترۆڵ نەکرێت، دەرئەنجامە ترسناکەکانی لەسەر تەندروستی گشتی و کشتوکاڵ و سەقامگیریی درێژخایەن داده‌نێت.
لـە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، بەغدا زیاتر لە نیوەی پارک و سه‌وزاییه‌كانی لە دەست داوە. وەزارەتی ژینگە له ساڵی 2023 ئاشکرای کردوە، زیاتر لە 50%ی ناوچه سه‌وزاییه‌كان بەهۆی گەشەسەندنی بێ به‌رنامه‌ی دانیشتوانه‌وه سڕاونەتەوە.
به‌تایبه‌تی ژمارەی دانیشتوانی شاری به‌غدا لە 5 ملیۆن کەسەوە بۆ زیاتر لە 8 ملیۆن کەس زیادی كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پیسبوونی هەوا خراپتر بووە و ڕکابەری قاهیرە و نیودەلهی دەکات.
له‌باره‌ی له‌ناوچوونی دارستانەکانی عێراق، وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ ڕایگه‌یاندووه، لە ساڵی 2000ـەوە 140 هەزار هێکتار ڕووپۆشی دار له‌ناوچووه و نزیکەی نیوەی ئەو ڕووبەرە لە دەیەی ڕابردوودا ڕووی داوە. به جۆرێك تا ساڵی 2022، دارستانەکان تەنها 1.9%ی کۆی ڕووبەری زەوی عێراقیان داپۆشیبوو، به‌ڵام به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌وه ئێستە 45%ی دارخورماکانیشی لە دەست داوە.
بەگوێره‌ی به‌رنامه‌ی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق لە 40 ساڵی ڕابردوودا، به‌هۆی كه‌م ئاوییه‌وه 60%ی زەوی بەپیتی لە دەست داوە و نزیکەی 20%ی زەوییە کشتوکاڵییەکانیشی بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو مەترسی به بیابانبوونیان لەسەرە.