شەش تۆمەتبار بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ئافرەتێک دەستگیر کران

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، شەش تۆمەتباری بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ئافرەتێک دەستگیر کرد.

سێشەممە 8ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاوی  کردەوە، پاش ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمار کردووە کەوا دزی لە ماڵەکەی کراوە، دوای لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، بۆیان دەرکەوت،  شەش تۆمەتبار هەڕەشەیان لە کچی ئەم دادخوازە کردووە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاو، کچەکەشی لەترسی هەڕەشەکان هەرچی زێڕ و پارە لە ماڵەکەیان هەبووە و لە جانتایەکدا بووە، هەمووی بۆ تۆمەتبارەکان بردووە، بۆیە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، سەرجەم تۆمەتبارەکان دەستگیر کران و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.