لایەنە کوردییەکان بە شاندێکی هاوبەش بۆ دانوستان دەچنە دیمەشق
لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە شاندێکی هاوبەش بۆ دانوستان دەچنە دیمەشق و لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا کۆ دەبنەوە.
کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ، شەممە، 26-04-2025، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەشداریی زیاتر لە 400 کەس دەستی پێ کرد و نزیکەی کاتژمێر 02:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ کۆتایی هات.
محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و فەوزە یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەنراوی دەرئەنجامی کۆتایی کۆنفرانسەکەیان بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی خوێندەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ئامانج لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە "گرتنەبەری دیدگایەکی یەکگرتووی کورد بووە، بۆ چۆنییەتی بەشداربوون لە داڕشتنی داهاتووی سووریا و چارەسەرکردنی کێشەی کورد، لەم قۆناغە گرنگە مێژووییەی وڵاتەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت."
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "بەشداربووانی کۆنفرانسەکە دیدگایەکی هاوبەشی کوردیان پەسەند کرد کە پێشکەشی کۆنفرانسەکە کرا وەک بەڵگەنامەیەکی دامەزرێنەر کە گوزارشت لە ئیرادەی بە کۆمەڵی و ڕوانگەیەکی لۆجیکی بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە بۆ پرسی کورد لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوودا دەکات، بەو شوناسە فرە نەتەوەیی و فرە ئایینی و فرە کەلتوورییەی دەستوورەکەی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد گەرەنتی دەکات."
ئاماژە بەوەش دراوە، لە کۆنفرانسەکەدا بڕیار درا بە زووترین کات شاندێکی هاوبەش لە لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێک بهێنرێت تاوەکوو لەسەر بنەمای ئەو لێکگەیشتن و دیدگا هاوبەشەی لە کۆنفرانسەکە هاتووەتە ئاراوە، دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا، بکات.
مەزڵووم عەبدی: بەهێزبوونی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەهێزبوونی سووریایە
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوتاری کۆنفراسەکەدا ڕایگەیاند "ماوەی 14 ساڵە لە شەڕێکداین کە تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە. بۆ پاراستنی گەلەکەمان و ئەم هەرێمە، شەڕێکی سەخت کرا. لەم شەڕەدا نزیکەی 13 هەزار کچ و کوڕی ئێمە شەهید بوون و نزیکەی سێ هەزاری دیکەش بریندار بوون. هیوای سەلامەتی بۆ برینداران دەخوازین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدە قارەمانەکانمان دادەنوێنین و ئەم کۆنفرانسە دەکەینە دیاری بۆ شەهیدانمان."
عەبدی, سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد و ئاماژەی بەوە دا "بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە بڕیارێکی لە ناکاو نەبووە، بەڵکوو ئەنجامی هەوڵدان، کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکی دوورودرێژی لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بووە. زۆر سیاسەتمەدار و لایەنی سیاسیی پارچەکانی دیکەی کوردستان هەوڵی یەکخستنی هەڵوێستی کوردییان لە ڕۆژئاوای کوردستان داوە و یارمەتی ئێمەیان داوە. لە سەرووی هەمووانەوە سەرۆک بارزانی، هەوڵ و ماندبوونی لە بیر ناکەین و سوپاسی دەکەین. هەروەها هاوسەرۆکایەتیی کەجەکە و هەر یەکە لە کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک بافڵ تاڵەبانیش، ڕۆڵیان هەبوو و سوپاسیان دەکەین."
ئامانجی کۆنفرانسەکە بە گوتەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە "بۆ پارچەکردنی سووریا نییە، بە پێچەوانەوە لە پێناو یەکێتیی خاکی سووریایە. جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، ئێمە لەگەڵ یەکێتیی خاکی سووریاداین. جەخت لەوە دەکەینەوە، یەکێتیی کوردان، یەکێتیی سووریایە، بەهێزی کوردیش، بەهێزی سووریایە."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەش دا "زۆر نەتەوە، ئایین و پێکهاتە لە سووریا دەژین، بۆیە پێویستە لە سووریای نوێدا دەستوورێک دابنرێت، نامەرکەزی بێت و مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بپارێزێت. جارێکی دیکە دەیڵێینەوە، پێویستیمان بە سووریایەکی نوێی دیموکرات و نامەرکەزی هەیە. ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە، کورد، عەرەب، ئاشووری، ئەرمەن و چەندان پێکهاتەی دیکە بە ئاشتییانە پێکەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) دەژین، پێکەوە شەڕی تیرۆرمان کردووە و پێکەوە مێژوومان نووسیوەتەوە. یەکێک لە کارە پێشینەکەمان، پاراستنی ئەم دەستکەوتنایە. ئامانجامانە لە سووریای نوێدا، ئەم هەرێمەمان، جێگەی خۆی بگرێت، چونکە چەندان ساڵ لە لایەن ڕژێمی پێشووەوە پشتگوێ خرا."
سەرۆک بارزانی: یەکگرتنەوەی کورد کلیلی بنەڕەتی چارەسەری بەردەوامی پرسی کوردە لە سووریا
حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە قامیشلۆ، پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە دیدگایەکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد و چارەکردنی دۆزی کورد تاکوو بەشداریی کورد لەم وڵاتەدا مسۆگەر بکات.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا گوتیەتی: گەلی کورد لە سووریا دەیان ساڵە بەدەست پشتگوێخستن و هەموو جۆرەکانی پەراوێزخستن و ئینکاری و چەوساندنەوە دەناڵێنێت، ئەمڕۆ له کاتێکدا گۆڕانکاری خێرا له سووریا و ناوچه که ڕوودەدات، له داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، دەرفەتی گەورە بۆ گەلەکەمان هاتووەتە ئاراوە، بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی گەورە دەکەوێتە سەر ئێوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکانی ئیستا و ئامادەکردنی پرۆژەیەکی فراوان و گونجاو که گوزارشت له خواستەکانی گەلەکەمان بکات، لەچوارچێوەی سووریای یەکگرتوو ئازاد و دیموکراسیدا.
لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە، لەبەرامبەر دوایین هەڕەشەکانی ناوچەکە، گرنگی خەباتی دیموکراسی و ئاشتیانە وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە خواستەکانیان دیارە، لەم چوارچێوەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماسی لە هەموو کاتێک گرنگترە و لە چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکاندا ئەنجامێکی باشتری لێدەکەوێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، دووپاتی دەکەمەوە کە یەکگرتنەوەی کورد و دامەزراندنی بنەمایەکی هاوبەش، کلیلی بنەڕەتی چارەسەری دادپەروەرانە و بەردەوامی پرسی کوردە لە سووریا. لەسەر ئەو بنەمایە، دروستکردنی شاندێکی هاوبەشی کوردی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق هەنگاوێکی پێویستە بەرەو بەشدارییەکی ڕاستەقینە لە بنیاتنانی ئایندەی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردمان و بەشداری کارا لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا.