ڕەحمان خانی: ئەمساڵ هەندێک لە بەنداوەکان سەرڕێژ بوون

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان 22 بەنداو ئاوی تێدا کۆ کراوەتەوە، هەندێکیان ئەمساڵ سەرڕێژ بوون و هەندێکی دیکەشیان ئاوێکی باشیان تێدا کۆ کراوەتەوە، ئەمساڵ تووشی گرفتی کەمئاوی نابین.
یەکشەممە، 27ـی نیسانی 2025، ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕایگەیاند "بەهۆی ئەو بڕەکەمەی باران ئەمساڵ لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی باری، نەتوانراوە ئاوێکی زۆر لە بەنداوەکان گل بدرێتەوە.
ئەو بەڕیوەبەرە دەڵێت: ڕاستە ئەمساڵ وشکەساڵ بوو، بەڵام خۆشبەختانە بە دوای تەڕەساڵێکدا هات کە توانیمان ئاوێکی باش لە بەنداوەکانی خۆمان کۆ بکەینەوە و بەنداوەکانمان بەشی هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەی کە پشتییان بە بەنداوەکان بەستووە، ئاوی پێویستییان تێداییە و هیچ مەترسییەکی کەمیی ئاوی خواردنەوە و پێویستییە سەرەکییەکان نییە بۆ هاوین و پایزی ئەمساڵ.
دەشڵێت: ئەمساڵ لە بەنداوی دەربەندیخان نزیکەی سەدا 62ـی ئاوی گلدراوەی پارمان هەیە، لە بەنداوی دوکان نزیکەی سەدا 50، دهۆکیش سەدا 80، بەکۆی گشتیی سێ ملیار و 600 مەتر سێجا ئاو لە گشت بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. چونکە بەنداوە بچووکەکانیش نزیکە 100 مەتر سێجا ئاویان تێدایە، ئەوانەی لە سەردەمی حکوومەتی هەرێم و کابینەی نۆ دروست کراون.
ڕەحمان خانی، ئاماژەی بەوەش دا، لە هەرێمی کوردستان 22 بەنداو ئاوی تێدا کۆ کراوەتەوە، هەندێکیان ئەمساڵ سەرڕێژبوون وەک، جەلیلە، تورەجاف، ئاوە سپی و هەندێکی دیکەشیان ئاوێکی باشیان تێدا کۆ کراوەتەوە.
گوتیشی: ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پلانمان هەیە بۆ ئەو شەش مانگەی کە دێت، بە خەمڵاندنی ئەو ئاوەی کە لە سەرچاوەکانەوە دێتە ناو بەنداوەکان و ئەو ئاوەی لە بەنداوەکاندا هەیە، ئاو بەر بدرێتەوە.
دەشڵێت: ئێران و تورکیا ئەو دوو دەوڵەتن کە تا ئێستا نەچوونەتە ناو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکانی پەیوەست بە ئاوەوە، واتە ئیمزای ڕێککەوتنەکانیان نەکردووە. سەبارەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەو دوو دەوڵەتە پێیان دەگوترێ دەوڵەتی "منبع" واتە سەرچاوەی ئاو. سەرچاوەی بەشێکی زۆری ڕووبارەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئەڵوەن، سیروان، زێی بچووک و زێی گەورە لە ئێران و بەشێکی گەورەشیان لە تورکیاوە هەڵدەقوڵێن.
باسی لەوەش کرد، چەندان کۆبوونەوەی لایەنی تورکی و عێراقی بۆ ڕێکخستنەوەی بەکارهێنانی ئاوی هاوبەش بۆ حەوزە بچووکەکانی بەنداوەکان کراوە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی نووسراو، لەسەر فورات ڕێککەوتنێک هەیە لە نێوان سووریا، تورکیا، عێراق، بەڵام لەسەر ڕووباری دیجلە هیچ ڕێککەوتنێک تا ئێستا نەکراوە. هەروەها لەگەڵ لایەنی ئێرانیش تا ئێستا کۆبوونەوەیە لیژنە هونەری دەستی پێ نەکردووە، واتە هیچ کۆبوونەوەیەکی ئاو تا ئێستا لەگەڵ ئێران نەکراوە، بۆ ئەوە گفتگۆی هاوبەش بکەن لەسەر ئاو گرفتە ئاوییانەی کە هەیە. کە نزیکەی 42 زێ و ڕووبار لە نێوان عێراق و ئێران هەیە.
ئاماژەی بەوەش دا، بڕی ئاوی بەردراوەی ساڵی ڕابردوو لە بەنداوەکانی سەر ڕووباری دیجلە لە تورکیا، لە چرکەیەکدا هەزار مەتر سێجا بووە، ئەمساڵ تەنیا 200 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا.
ئەوەشی خستە ڕوو کە عێراق بە دەست دوو سێ گرفتی گەورەوە گرفتارە، یەکێکیان ئەوەیە کە وڵاتانی دراوسێ پرۆژەی ئاویان دروست کردووە و تا ئیستا ڕێککەوتنێکیان نییە. دووم کێشە ئەوەیە کە عێراق تووشی گرفتی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبارانی و کەمئاویی بووەتەوە، کێشەی دووەمیش ئەوەیە عێراق ڕێژەی دانیشتووانی زۆر بووە و بەکارهێنانی ئاویش لە عێراقدا تا ئێستا بە ڕێگە کلاسیکییەکەیەتی و تا ئێستا نەیانتوانیوە بەتەواوی کۆنترۆڵی گلدانەوەی ئاو بکەن و ڕێگای نوێ لە بەکارهێنانی ئاودا بکەن و بەفیڕۆ دەچێت و ئاوەکە پیس دەبێت، لە خوارووی عیراق، بەتایبەت بەسرە ئاو بۆ خواردنەوە ناشێت، بەتایبەت لە وشکەساڵیدا.
لە بارەی ئەوەی بۆ چی تا ئێستا حکوومەتی عێراق فشاری لەسەر ئەو دوو وڵاتە نەکردووە بۆ بەردانەوەی ئاو؟ ڕەحمان خانی ڕایگەیاند "هۆی سیاسیی و ئابووری و چەندان هۆی دیکە هەن کە ڕێگرن لەوەی کەرتی ئاو بایەخی پێ بدرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا نەخشە ڕێگایەک هەبوو ، بەڵام تا ئێستا جیبەجێ نەکراوە."