پارتی و یەكێتی پشتیوانی خۆیان بۆ حكوومەت دووپات دەكەنەوە

نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی خێراتر دەكات

K24- ھەولێر:

یەكێك لە خاڵەكانی گفتوگۆی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی، پشتیوانی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە بووە بۆ حكومڕانیكردنی سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان. پەرلەمانتارانی ئەو دوو حزبەش ئاماژە بەوە دەكەن بە نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتی، جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان خێراتر دەبێت و وادەكات حكومەت و پەرلەمان بتوانن ئەو بڕیار و یاسایانە دەربكەن، كە لە خزمەت ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستانە.

وەیسی سەعید وەیسی، پەرلەمانتاری  پارتی له‌و باره‌یه‌وه‌ گووتی: نزیكبوونەوەی ئەو دوو حزبە لەیەكتر خزمەتی زیاتر بە ھاووڵاتییان دەكات.

یاسای چاكسازی بە فەرمی لە سەرەتای مانگی تەممووزەوە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئامانجی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە، ئەم یاسایە بەبێ جیاوازی لە ھەموو ناوچەیەكی ھەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.

جەمال حەوێز، پەرلەمانتاری یەكێتی گووتی: تا پەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی بەھێزتر بێت، جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازیش لە ھەرێمی كوردستان خێراتر دەبێت.

رۆژی یەكشەممەی رابردوو، دوای چەندین ھەوڵ، دواجار ھەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لە ھاوینەھەواری دووكان كۆبوونەوە. ئەمەش یەكەم كۆبوونەوەی ھەردوولا بوو لە دوای كۆنگرەی یەكێتی و گرژییەكانی چەند مانگی رابردووی نێوان ھەردوولا.

بڕیاریشه‌ ئەم كۆبوونەوەی ئەنجامدرا؛ دوا كۆبوونەوە نەبێت، بەڵكو سەرەتای دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان و گرێدانەوەی پەیوەندی لەمێژینەی ھەردوولا بێت.