یەکەم حاجی کورد لە مەککە گیانی لەدەست دا

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی گیان لە دەستدانی یەکەم حاجی کوردی لە لەشاری مەککە ڕاگەیاند

یەکشەممە 8ـی حوزەیرانی 2025، نەبەز ئیسماعیل کەمال، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، یەکەم حاجی کورد لە وڵاتی سعوودیە لەشاری مەککە، دوای تەواوبوون و به‌جێهێنانی ئەرکی فەریزەی حەج و گەڕانەوەی لە فەریزەی ڕه‌جمکردنی شەیتان لە سەر جێگای نوستنیدا، کۆچی دوایی کرد. باسی لەوەش کرد، حاجییەکە هیچ کێشەیەکی تەندروستیی نەبووە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەشی دا، حاجییەکە ناوی 'مەریەم عەبدولعەزیز یوسف'ـه‌ و  لەدایکبوویی ساڵی 1955ـە، خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە و پیشەی مامۆستایە.

نەبەز ئیسماعیل گوتیشی: هەر حاجییەک لە کاتی ئەرکی حاجییاتی گیان لەدەست بدات، ئەوە لە لایەن لیژنەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگیی لەگەڵ سعوودیە مەراسیمی شوشتن و ناشتنی بۆ دەکرێت و لە مەککە دەنێژرێت، بەڵام ئەگەر کەسوکار و خێزانی ئەو حاجییە بیانەوێت تەرمەکەیان بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، ئەوە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەرمی حاجییەکە دەگەڕێندرێتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوەشدا، تا 20ـی ئەم مانگە تەواوی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە. گوتیشی: یەکەم کاروانی حاجیان لە ڕێگەی وشکانی لە 12ـی مانگ و لە ڕێگەی فرۆکەی 14ـی ئەم مانگە بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەوێت.

باسی لەوەشکرد، ژمارەی حاجییانی هەرێمی کوردستان دوای گیان لەدەستدانی ئەو حاجییە بووە پێنج هەزار و 135 کەس.

ڕۆژی هەینی، 16ـی ئایاری 2025، یەکەم کاروانی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان بەڕێگەی وشکانی بەرەو سعوودیە بەڕێ کەوتن، ڕۆژی دووشەممە، 19ـی ئایار یەکەم کاروانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە ڕێگەیی ئاسمانی، لەڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی بەرەو سعوودیە بەڕێ کەوتن