مەسرور بارزانی: بەرپرسانی بەغدا دەبێت بزانن عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دامەزراوەی ڤیزت کوردستان گوتی: بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەکی ناڕەوا و نا یاسایی و نا دەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە.
سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی دامەزراوەی ڤیزت کوردستان لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەکی ناڕەوا و نا یاسایی و نا دەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە، ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەوتنی خۆی بووەستێت کە بە دڵنیاییەوە لەو هەوڵانەیان سەرکەوتوو نابن.
هەرگیز و لە ژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین
لەبارەی فشارەکانی بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: بە پشتیوانی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە، بۆیە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرگیز و لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین.
ڕێز لەو ڕێککەوتنانە ناگرن کە ئیمزایان کردووە
ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، تەوەرێکی دیکەی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو کە لەوێدا گوتی: ئێمە هەموو پابەندییەکانی دەستووری کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەوەش جێبەجێمان کردووە، چاوەڕێشمان دەکرد لە بەرانبەردا مافەکانی خەڵکی کوردستان بدرێت، بەڵام بەداخەوە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەو ڕێککەوتنانەش ناگیرێت کە ئیمزایان کردووە.
بەرپرسانی بەغدا دەبێت بزانن، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەوەی،بەرپرسانی بەغدا دەبێت بزانن، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە، هەرێمی کوردستانیش بەپێی دەستوور، قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە، دەبێت لەو چوارچێوەیەدا مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت، نەوەک بە عەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان کە لەسەدەی ڕابردوودا ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتدا لە بەغدا، بە ئاگر و ئاسن، لەگەڵ بەکارهێنانی هەموو چەکێک ڕووبەڕووی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بوونەوە، بەڵام ئەم سیاسەت و ڕەفتارانە جگەلە ماڵوێرانی و وێرانکاریی، هیچ سوودێکی بۆ عێراق نەبووە، بۆیە هیوادارم بەرپرسانی بەغداش واز لەو سیاسەتە چەوتەی برسیی کردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بێنن، چونکە هیچ سوودێک و ئەنجامێکی نابێت.
لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین
مەسرور بارزانی گوتی: لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە بەردەوام دەبین، هیوادارین لە کاتێکی زوودا، بگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت.