سوپای عێراق خانووی خێزانێکی کورد داگیر دەکات و دەیکاتە بارەگای سەربازی

سوپای عێراق داوای لە خێزانێکی دانیشتووی گوندی حەساری ناحیەی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکووک کردووە، تا سبەینێ پێنجشەممە، 12-06-2025، خانووەکەیان چۆڵ بکەن، و  بارەگایەکی سەربازی لە شوێنی دروست دەکەن. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-06-2025، خالد حەساری، خاوەنی خانووەکە بە سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تاپۆی ڕەسەن و ڕەشی ئەم زەوییەمان هەیە. ئەوەی دەکرێت شەڕی دەروونییە لە دژی کورد و ڕەتکردنەوەی کوردە لەسەر خاکی مێژوویی خۆی. لە هەموو وڵاتێک سوپا، پارێزەری خاک و نیشتمانە، نابێت پەلاماری هاووڵاتی و خەڵکی هەژار بدات. داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بێنە سەرهێڵ و ڕێگریی لە سوپا بکەن."

لە لایەکی دیکەوە هاووڵاتیی سەیران محەممەد ڕایگەیاند "ئاگادار کراوینەتەوە تا سبەینێ پێنجشەممە، 12-06-2025، لێرە بەجێ نەهێڵین، بە دار دەرمان دەکەن. لە شوێنی خانووەکەمان بارەگای کەتیبەیەکی تانک و زرێپۆش دروست دەکەن. سەددام حوسێن وای لە ئێمە نەدەکرد؛ لە برسان دەمانکوژن، مووچەمان پێ نادەن و دەرمان دەکەن، بۆ کوێ بڕۆین؟ ئێمە لەسەر ئەم خاکە پەروەردە کراوین، لەسەر ئەم خاکە دەژین و دەمرین. ئێسکی باب و باپیرانمان تێیدا ڕزاوە، ئێستا دەیانەوێت بە زۆر دەرمان بکەن."

سەیران محەممەد گوتیشی: "لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردا دەژین و ڕۆژانە لە لایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە پەلاماری هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک دەدرێت. چیتر تەحەمولمان نەماوە، 10 ساڵە تەحەمول دەکەین، خەریکە دەخنکێین. لە پێش چاوی بەرپرسانی ئەم شارە، ڕۆژانە دەستدرێژی دەکرێتە سەر هاووڵاتییانی کورد و هەمووان بێ دەنگن."