سەرۆک بارزانی: کەریم شنگالی پیاوی ڕۆژانی تەنگانە بوو

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری کەریم شنگالی دەکات و دەڵێت: هەڤاڵێکی زۆر نزیک و برایەکی زۆر خۆشەویستمان لە دەست دا و بە ڕاستی پیاوی ڕۆژانی تەنگانە بوو.

ڕۆژی سێشەممە، 10-06-2025، کەریم شنگالی، وەزیری پێشووی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 75 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-06-2025، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەندان بەرپرسی باڵای حکوومی و حزبی، تەرمی کەریم شنگالی گەڕێنرایەوە هەولێر. 

سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا: "هەڤاڵێکی زۆر نزیک، برایەکی زۆر خۆشەویستمان لە دەست دا. کاک کەریم هەر لە تەمەنی منداڵییەوە، لە خانەودایەکی کوردپەروەرە پێگەیشتووە.. لەو کاتەی قوتابی کۆلێژی یاسا بوو لە بەغدا، ئەندامێکی کارای پارتی دیموکراتی کوردستان بوو."

کەریم شنگالی پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی گوڵان و ئەیلوولیش بوو. سەرۆک بارزانی لەوبارەوە گوتی: "دوای ڕێککەوتنی 11ـی ئازار، کاک کەریم زۆر گەنج بوو، بەڵام کە لە زانکۆ دەرچوو، سەرپەرشتیی پرۆسەی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوولی کرد. بە ڕاستی پیاوی ڕۆژانی تەنگانە بوو. من شاهیدم، شاهیدی تێکۆشان، دڵسۆزی و وەفاداری ئەو برایەم."

 

 

دەقی گوتاری سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمی گەڕاندنەوەی تەرمی کەریم شنگالی:

بــە ناوی خوای گەورە و مێهرەبان

لەم ڕۆژەدا زۆر ئەستەمە ئینسان بتوانێت قسە بکات، چونکە هەڤاڵێکی زۆر نزیک، برایەکی زۆر خۆشەویستمان لە دەست دا. 

کاک کەریم هەر لە تەمەنی منداڵییەوە، لە خانەودایەکی کوردپەروەرەوە پێگەیشتووە. کە قوتابی بوو لە کولیەی یاسا لە بەغدا، لەو وەختەوە کەریم ئەندامێکی فەعال بوو لە پارتی دیموکراتی کوردستان. دوای ڕێککەوتنی 11ـی ئازاریش، زۆر گەنج بوو، بەڵام کە تەخەروجی کرد لە زانکۆ، سەرپەرشتیی ئەو پرۆسەیەی کرد هی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول. 

لە ڕۆژانی تەنگانەدا، بە ڕاستی پیاوی ڕۆژانی تەنگانە بوو. من شاهیدم، شاهیدی تێکۆشان، دڵسۆزی و وەفاداری ئەو برایەم.

سەرەخۆشی لە کەسوکاری دەکەم، بەڵام بەر لەوە سەرەخۆشی لە خۆم دەکەم، جێگەی بەهەشتە ئینشائەڵڵا و مردن ڕێگایەکی حەقە. هەر کەسمان بە ڕۆژی خۆی دەگات و ئینشائەڵلا خوا ئەم میللەتە بپارێزێت و کوردستان بەختەور بێت و ئاوەدان بێت و ڕۆڵەی دڵسۆزی وەکوو کاک کەریمیش ئینشائەڵڵا هەمیشە هەر لە خزمەتی ئەم وڵاتەدا بن. 

زۆر سوپاس.