مەسرور بارزانی لەبارەی کەریم شنگالی: یادی بەخێر و گیانی شاد بێت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە ڕێورەسمی پێشوازیی لە تەرمی کەریم شنگالی کرد
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە ڕێورەسمی پێشوازیی لە تەرمی کەریم شنگالی کرد

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە ڕێورەسمی پێشوازیی لە تەرمی کەریم شنگالی کرد. 

چوارشەممە، 11-06-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فێسبووک ڕایگەیاند "ئەمڕۆ لە خزمەت جەنابی سەرۆک بارزانی، بەشداریمان لە ڕێورەسمی پێشوازیی لە تەرمی هەڤاڵی کۆچکردوومان کەریم شنگالی کرد. یادی بەخێر و گیانی شاد بێت."

 

 

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-06-2025، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەندان بەرپرسی باڵای حکوومی و حزبی، تەرمی کەریم شنگالی گەڕێنرایەوە هەولێر. 

سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا: "هەڤاڵێکی زۆر نزیک، برایەکی زۆر خۆشەویستمان لە دەست دا. کاک کەریم هەر لە تەمەنی منداڵییەوە، لە خانەودایەکی کوردپەروەرە پێگەیشتووە.. لەو کاتەی قوتابی کۆلێژی یاسا بوو لە بەغدا، ئەندامێکی کارای پارتی دیموکراتی کوردستان بوو."

کەریم شنگالی پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی گوڵان و ئەیلوولیش بوو. سەرۆک بارزانی لەوبارەوە گوتی: "دوای ڕێککەوتنی 11ـی ئازار، کاک کەریم زۆر گەنج بوو، بەڵام کە لە زانکۆ دەرچوو، سەرپەرشتیی پرۆسەی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوولی کرد. بە ڕاستی پیاوی ڕۆژانی تەنگانە بوو. من شاهیدم، شاهیدی تێکۆشان، دڵسۆزی و وەفاداری ئەو برایەم."

ڕۆژی سێشەممە، 10-06-2025، کەریم شنگالی، وەزیری پێشووی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 75 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.