پاپا: هیچ لایەنێک نابێت هەڕەشە لە لایەنێکی دیکە بکات
پاپای ڤاتیکان پەیامێکی لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و ئێران بڵاو کردەوە و تییدا دەڵێت: نابێت هیچ لایەنێک هەڕەشە لە لایەنێکی دیکە بکات.
شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، پاپای ڤاتیکان لیۆی 14ـەم، داوای لە ئێران و ئیسرائیل کرد دەستبەرداری جەنگ بن و دەست بە گفتو گۆ و دیالۆگ بکەن.
پاپا ئاماژەی بەوە کرد، نابێت هیچ لایەنێک هەڕەشە لە بوونی لایەنێکی دیکە بکات، لەسەر تەواوی وڵاتانیشە، پشتیوانی ئاشتی بکەن لەپێناو بەرژەوەندی هەموو لایەک و دۆزینەوەی چارەسەریی.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.
ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی کردە ئامانج و بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتووە، بە پێی میدیای ئێرانی، لە هێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون.
هەر بەپێی میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەنێویاندا محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندایە.
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون.