لە 40% زەوییەکانی عێراق بوونەتە بیابان

ڕوانگەی عێراقی سەوز، ڕایگەیاند، نزیکەی 40%ـی زەوییەکانی عێراق کاریگەریی بە بیابانبوونیان لەسەرە، لەکاتێکدا زیاتر لە 70%ـی زەوییە کشتوکاڵییەکان بێبەرهەم بوون.

ڕوانگەی عێراقی سەوز لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، "نزیکەی 40%ـی کۆی ڕووبەری عێراق کاریگەریی بە بیابانبوونی لەسەرە، هەندێکیان زۆر پێویستیان بە پڕۆژەی دارچاندنی بەرفراوان هەیە بۆ سنووردارکردنی تێکچوونی ژینگە."

لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیشی کردەوە، "ڕێژەی بە بیابانبوون تەنیا لە زەوییە گشتییەکاندا سنووردار نەبووە، بەڵکو کاریگەریی 70%ـی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیش هەبووە، ئەمەش لە ئەنجامی وشکەساڵی و خراپی بەڕێوەبردنی ئاوەکان بووە."

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوووە "تیمەکانی چاودێریی مەیدانی ڕایانگەیاندووە، پارێزگای زیقار لە ئەنجامی کەمیی ئاو و کەبوونەوەی ڕووەک، زۆرترین ڕێژەی بە بیابانبوون و ئاوارەبوونی دانیشتوانی هەیە."

ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "پارێزگای نەینەوا نزمترین ئاستی بە بیابانبوونی تێدا تۆمار کراوە، ئەمەش بەهۆی جوگرافیا و زیادبوونی پڕۆژەکانی دارچاندن و پشتێنەی سەوز."

جەختیشی کردەوە، "بەردەوامی ئەم دیاردەی بە بیابانبوونە بەبێ دەستوەردانی بەپەلەی حکوومەت دەبێتە هۆی قەیرانێکی جددی مرۆیی و ژینگەیی. هەروا بەرزبوونەوەی کۆچی ناوخۆیی لە ناوچە گوندنشینەکانەوە بۆ شارەکان، فشار لەسەر خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابووری زیاد دەکات."