سلێمانی..کۆنسێرتێکی میوزیکی لەژێر ناوی سولی فلامینگۆ بەڕێوەچوو

سورێن سامان، هونەرمەندی میوزیکژەن، کۆنسێرتێکی میوزیکی لەژێر ناوی "سولی فلامینگۆ"، لە سلێمانی لە گەلەری ئارام ساز کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026، سورێن سامان، هونەرمەندی میوزیکژەن بە کوردستان24ی گوت، "ئەم پارچە مۆسیقا و بەرهەمەکانەی کە لەم کۆنسێرتە پێشکەشم کرد وەکو، سۆلەمیا "پاکۆ دە لوسیا"، فاندانگۆس "پاکۆ دە لوسیا"، فاروکا "پاکۆ دە لوسیا"، مینێرا "ڤیسێنتی ئەمیگۆ"، rۆندینیا "ڤیسێنتی ئەمیگۆ"، rۆما "ڤیسێنتی ئەمیگۆ"، فاروکا "سابیکاس"، تانگۆس "مۆرایتۆ چیکۆ".

سورێن سامان گوتیشی، "شێوازی مۆسیقای سولی فلامینگۆ، یەکێکە لە گرنگترین و قوڵترین شێوازەکانی مۆسیقای فلامینگۆی ئیسپانی، کە زۆرجار بە "دایکی فلامینگۆ" ناسراوە، چونکە زۆر شێوازی دیکەی لێوە سەرهەڵدەدەن. هەروەها وشەی سولی لە بنەڕەتدا لە وشەی سولیداد هاتووە، واتە تەنیایی یان تەنیابوون. بۆیە ئەم شێوازە زۆرجار هەستی خەم، بیرکردنەوە، دڵتەنگی و هیوای ناوەوە دەگەیەنێت."

ئەو میوزیکژەنە باس لە شێوازە تایبەتمەندییەکانی ئەو جۆرە میوزیکە دەکات و دەڵێت، "تایبەتمەندییە مۆسیقاییەکانی سولی فلامینگۆ، rیتمی تایبەتی هەیە کە لە 12 شێواز پێکدێت. خاوتر و قورسترە لە زۆر شێوازی دیکەی فلامینگۆ. جێگەیەکی گەورە بۆ دەنگ، هەست و گیتاری تەکنیکی هەیە. گیتارژەن بە زۆری بە ئارامی دەستپێدەکات و پاشان هەست و هێز زیاد دەکات، چونکە کاتێک گوێی لێ دەگریت، زۆرجار هەست بە خەم و بیرەوەری، شکۆ و هەستی قووڵی مرۆیی و تەنیایی بەهێز دەکەیت."

سورێن سامان ئاماژەی بەوەشدا، "لە گیتاردا لە شێوازی سولیدا گیتارژەن پەنجەکارییەکی ورد و تەکنیکی بەکاردێنێت، و لە هەمان کاتدا هەست و rۆح دەخاتە ناو ئاوازەکە. بۆیە زۆر گیتارزانانی گەورە وەک Paco de Lucía و Vicente Amigo پارچەی ناوازەیان لەم شێوازەدا هەیە."

سورێن سامان، یەکێکە لە گەنجە میوزیکژەنەکانی شاری سلێمانی، کار لە شێوازەکانی میوزیکی سولی فلامینگۆی ئیسپانی دەکات و خاوەنی فێرگەی تایبەت بەخۆیەتی لەو بوارەدا.